سەنتەرێک: زیاتر لە 25 ملیۆن کەس لە عێراق تۆڕی کۆمەڵایەتی بەکاردەهێنن


رووداو دیجیتاڵ 

سەنتەری میدیای ژمارەیی عێراق (DMC) دەڵێت، بەپێی چەند دامەزراوەیەکی تایبەت بە ژمارەی بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا، دەردەکەوێت لە باشووری کوردستان و عێراق 25 ملیۆن و 530 هەزار کەس تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردەهێنن و یوتیووب و تیکتکۆک لە ریزبەندی یەکەم و دووەمی بەکارهێنەرانن. مامۆستایەکی زانکۆش دەڵێت، ژمارەی بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا لە عێراق بەراورد بە ژمارەی دانیشتوان زۆرە.
 
رۆژی سێشەممە، 14-2-2023، سەنتەری میدیای ژمارەیی عێراق (DMC) ژمارەی بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیای لە باشووری کوردستان و عێراق بڵاوکردەوە. بەپێی ئامارەکان کە لە هەردوو دامەزراوەی "We are social" و " Meltwater" تایبەت بەو بوارە وەریگرتوون، جیاوازی لە بەکار‌هێنەرانی سۆشیاڵ میدیا هەیە.
 
ئامارەکان دەریدەخەن، یوتیووب زۆرترین بەکارهێنەری لە باشووری کوردستان و عێراق هەیە کە لەکۆی ئەو 25 ملیۆن و 530 هەزار بەکارهێنەرەی سۆشیاڵ میدیا، بەکارهێنەرانی یوتیووب گەیشتووەتە 24 ملیۆن و 300 هەزار کەس؛ بەکارهێنەرانی تیکتۆکیش 23 ملیۆن و 880 هەزار کەسن.
 
هێرۆ محەممەد سلێمان، مامۆستای بەشی زانستی کۆمپیوتەر و تەکنەلۆژیای زانیاری لە زانکۆی سەڵاحەدین لەبارەی ئامارەکانەوە بە رووداوی گوت: "ئەو ژمارەیەی بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا لە عێراق بەرزە بەراورد بە ژمارەی دانیشتووان کە نزیکەی 42 ملیۆن کەس دەبن. ئەمە ئاماژەیەکی خراپە، چونکە ژمارەکە بەرزە."
 
هێرۆ محەممەد سلێمان گوتی: "بەکارهێنەرانی تیکتۆک زۆرن. ئەمە بەشێکی زۆری پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئێستا گەنج و هەرزەکار و تەنانەت منداڵانیش زۆر ئەم تۆڕە بەکاردەهێنن. بەشێکی بەکارهێنانەکەی ئەوەیە گرتەی ڤیدیۆیی زۆری تێدا نیشاندەدرێت. بەشێک لە سەرکێشی و لاساییکردنەوەکانی تێدا دەکرێت، بەڵام بەگشتی ئەمە ئاماژەیەکی باش نییە کە بەکارهێنەرانی تیکتۆک روو لە زیادی دەکەن."
 
بەپێی سەنتەری میدیای ژمارەیی عێراق (DMC): بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا لە عێراق بەمشێوەیە دابەشبوون:
 
- فەیسبووک؛ 17 ملیۆن و 950 هەزار کەس بەکاریدەهێنن. ئەمساڵ 900 هەزار کەس کەمتر بەکاریدەهێنن بەراورد بە ساڵی 2022. 
 
- ئینستاگرام؛ 14 ملیۆن کەس بەکاریدەهێنن؛ ملیۆنێک و نیو کەس کەمتر لە ساڵی 2022 بەکاریدەهێنن. 
 
- ماسنجەری فەیسبووک؛ 15 ملیۆن و 100 هەزار کەس بەکاریدەهێنن؛ نزیکەی ملیۆنێک و  100 هەزار کەس کەمتر لەساڵی پار بەکاریدەهێنن.
 
- سناپچات؛ 16 ملیۆن و 100 هەزار کەس بەکاریدەهێنن؛ ئەمساڵ 2 ملیۆن و 300 هەزار کەس لە ساڵی 2022 زیاتر ئەم ئەپلیکەیشنە بەکاردەهێنن.
 
- تویتەر؛ 2 ملیۆن و 500 هەزار کەس بەکاریدەهێنن، واتە ئەمساڵ 600 هەزار کەس زیاتر لەساڵی 2022 ئەم ئەپلیکەیشنە بەکاردەهێنن.
 
- لینکدئین؛ 1 ملیۆن و 700 هەزار کەس بەکاریدەهێنن، ئەوەش 300 هەزار کەسی زیاترە لەساڵی 2022.
 
 بەپێی ئامارەکە بەکارهێنەرانی بەشێکی زۆری سۆشیاڵ میدیا، فەیسبووک و ئینستاگرام و ماسنجەر نەبێت، زیادیکردووە، ئەو تۆڕانە ئەمساڵ نزیکەی سێ ملیۆن و 500 هەزار بەکارهێنەریان لەدەستداوە بەراورد بەساڵی 2022. بەکارهینەرانی سناپچات و تویتەر و لینکدئینیش زیادیکردووە.
 
بەپێی ئامارەکانی سەنتەری میدیای ژمارەیی عێراق (DMC)،  لەساڵی 2022 بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا لە عێراق 28 ملیۆن و 350 هەزار کەس بوون، لە ساڵی 2021یشدا 25 ملیۆن کەس بوون.