راوێژکارێکی حکومەت: دەزانین کێ هیشام هاشمی کوشت، بەڵام ناتوانین دەستگیری بکەین

14-02-2021
عەلی زەڵمی
نیشانەکردن هیشام هاشمی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوو بەرپرسی باڵای ئەمنیی عێراق ئاماژە بەوەدەکەن، هێزە ئەمنییەکانی وڵات لە شاری بەسرەی خوارووی وڵات 4 کەسیان بە تۆمەتی کوشتنی خۆپێشاندەران دەستگیرکردووە. یەکێک لەو دوو بەرپرسە رایگەیاند، ئەوان دەشزانن کێ هیشام هاشمی کوشتووە، بەڵام ناتوانن دەستگیری بکەن.
 
یەکێک لەو دوو بەرپرسە رایگەیاند، "هێزە هەواڵگرییەکان 4 ئەندامی گومانلێکراوی تۆڕێکی 16 کەسیان دەستگیرکرد کە بەرپرس بوون لە کوشتنی چالاکوانانی بەسرە". 
 
بەرپرسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزە هەواڵگرییەکان کار لەسەر دۆزینەوە و دەستگیرکردنی ئەندامانی دیکەی تۆڕەکە دەکەن و قسەش لەسەر ئەوە ناکەن کە ئایا ئەو کەسانەی دەستگیرکراون ئەندامی پارتی سیاسین یان چەکدار و سەربازی هێزە ئەمنییەکانی وڵاتن. 
 
بەرپرسە ئەمنییەکە، کە نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات، بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاندووە، "ئەوانەی دەستگیرکراون دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە، لەوانەش کوشتنی ئەحمەد عەبدولسەمەدی رۆژنامەڤان و ژمارەیەکی دیکە لە چالاکڤانان". 
 
ئەحمەد عەبدولسەمەدی تەمەن 37 ساڵ و سەفا غالی تەمەن 26 ساڵی کامێرامانی لە کانوونی دووەمی 2020دا لە لایەن ژمارەیەک چەکدارەوە لە نزیک بنکەیەکی پۆلیسی بەسرە کوژران.  
 
ئەحمەد عەبدولسەمەد پاڵپشتیکارێکی گەورەی ئەو خۆپێشاندانانە بوو کە لە تشرینی یەکەمی 2019ەوە ژمارەیەک لە شارەکانی عێراقی گرتبووەوە. 
 
خۆپێشاندەران ژمارەیەک داواکارییان هەبوو و بوونەهۆی ئەوەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کات دەستلەکاربکێشێتەوە، بەڵام رۆژانەش تووندوتیژیی بەرامبەر خۆپێشاندەران ئەنجام دەدرا و هەربۆیە لە ماوەی بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانەکاندا نزیکەی 600 کەس کوژران و هەزاران کەسی دیکەش برینداربوون.
 
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی ئێستای وڵات بەردەوام جەختی لەوە کردووەتەوە کە حکومەتەکەی بەرپرسیاریێتی خۆی جێبەجێ دەکات، تەقەکەرەکان دەدۆزنەوە و سزایان دەدات، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێک لەبارەی دەستگیرکردنی هیچ کەسێکەوە لەو بوارەدا بڵاونەکراوەتەوە. 
 
لە کانوونی یەکەمی 2020دا هەشت رێکخراوی تایبەت بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ رایانگەیاند، حکومەتی عێراق نەیتوانیوە بەرپرسیارێتییەکانی جێبەجێبکات و تاوانباران بدۆزێتەوە و سزایان بدات، بەڵام راوێژکارانی باڵای حکومەت بۆ ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسیان روونکردووەتەوە، بە گوێرەی لێکۆڵینەوە و زانیارییە هەواڵگرییەکانیان، ئەنجامدەرانی ئەو کوشتنانە ئەندامی هێزە سەربازییەکانی وڵات بوون. 
 
یەکێک لە راوێژکارانی حکومەت گوتی، "دەزانین کێ هیشام هاشمی کوشت، بەڵام ناتوانین بیانگرین".
 
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 6-7-2020 هیشام هاشمی، شرۆڤەکاری سیاسیی و ئەمنیی عێراقی و گۆشەنووسی رووداو لە بەغدا لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراو تەقەی لێکرا و تیرۆرکرا.

ئەوکات بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق و مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا سەرۆکۆنەی تیرۆرکردنی هیشام هاشمیان کرد و رایانگەیاند، دەبێت تاوانباران بەزووترین کات بدۆزرێنەوە و بدرێنە دادگا. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە