بزووتنەوەی نوجەبا هەڕەشە لە توركیا دەكات

 
رووداو دیجیتاڵ

بزووتنەوەی نوجەبای عێراقی هەڕەشەی لە توركیا كرد ئەگەر لە پێشێلكردنی خاكی عێراق بەردەوام بێت هەڵوێستی تووندیان دەبێت. هاوكات داوای لە حكومەت و پەرلەمانی عێراق كرد هەڵوێستی تووندیان لە بەرامبەر ئەو پێشێلكاریانەدا هەبێت.
 
بزووتنەوەی نوجەبای نزیك لە ئێران كە ئەكرەم كەعبی، سەرۆكایەتیی دەكات، لە راگەیێندراوێكدا رایگەیاند: "وڵات لە قۆناخی پەرتەوازەییدایە، هەڵوێستە فەرمییە لاوازەكان و بەرژەوەندیی تەسكی حیزبایەتی وڵاتیان كردووەتە گۆڕەپانێك بۆ پێشێلكاری و زیادەڕۆیی وڵاتان و هەموو لایەنەكان."
 
هەروەها لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بەپێی زانیارییەكان، نیازی توركیا بۆ داگیركردنی پارێزگای نەینەوا تاوەكو قەزای شنگال دوایین پێشێلكاریی نابێت ئەگەر هەڵوێستە فەرمییەكان بەو لاوازیە بمێننەوە."
 
بزووتنەوەی نوجەبای عێراقی لە راگەیێندراوەكەیدا بە توركیا دەڵێت: "بە هەڵوێستەكانیدا بچێتەوە پێش ئەوەی هەنگاوێكی لەو شێوەیە بنێت كە نازانێت ئەنجامەكەی چۆن دەبێت، پەند لە هێزەكانی داگیركاری ئەمریكا وەربگرن كە لە رووی ژمارەی سەرباز و توانا سەربازیەكانەوە لەوان زیاتر بوون."
 
هاوكات داواش لە حكومەت و پەرلەمانی عێراق و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات هەڵوێستێكی یەكگرتوو و تووندیان لە بەرامبەر ئەو پێشێلكارییانەدا هەبێت، "ئەگەرنا گەلی عێراق و بەرگریەكەی هەڵوێستیان دەبێت."
 
کاژێر 02:55 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 10ی شوباتی 2021 سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی چڕنووکی هەڵۆ-2ی لە چیای گارەی باشووری کوردستان لە دژی پەکەکە راگەیاند.
 
خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 14ی شووباتی2021 لەگەڵ یاشار گولەر، سەرۆک ئەرکانی سوپای تورکیا و ژمارەیەک فەرماندەی باڵای سەربازی سەردانی ناوەندی بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنی چڕنوکی هەڵۆ-2یان لە پارێزگای شرناخ لەسەر سنوور کرد.
 
سوپای تورکیا تائێستا کوژرانی سێ ئەفسەری خۆی راگەیاندووە، بەڵام هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ئاماژەیان بە هیچ زیانێکی خۆیان نەداوە و دەڵێن بە لای کەمەوە نۆ سەرباز و ئەفسەری تورکیا کوژراون. لە ەبرامبەردا تورکیا دەڵێت "48 گەریلای پەکەکە کوژراون و دووانیشیان دەستگیر کراون."