داعش بەزەیی بەو دەستانەشدا نەهات كە نانی دەدانێ

14-02-2017
ئەیوب نووری
نیشانەکردن موسڵ
A+ A-

رووداو - مووسڵ

یەكشەممەی پێشوو لە مووسڵ بووم، بە نیازبووم راپۆرتێك لەسەر ترسی خەڵك لە شانە نوستووەكانی داعش لە دیوی رۆژهەڵاتی مووسڵ ئامادە بكەم. بەرەبەیانی زوو گەیشتینە مووسڵ، شار تازە خەریك بوو بە خەبەر دەهات. دەنگی تەقەی تفەنگ و بۆردومان نەدەبیسترا، تەنیا دەنگی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان لە پشت هەورەكانەوە دەهات.

پاش تێپەڕاندنی چەندین خاڵی پشكنین و وەڵامدانەوەی پرسیاری سەربازە شەكەتەكانی سوپای عێراق، گەیشتینە گەڕەكی "ئەلزهوور". یەكسەر بیرم هاتەوە من سێ مانگ پێشتریش لەو گەڕەكە بووم، ئەوكات سوپای عێراق و داعش شەڕی ماڵ بە ماڵیان تێدا دەكرد.

خەڵكێكی زۆر بەدەرەوە نەبوون، بۆیە رووم لە خواردنگەیەك كرد كە دەكەوتە نزیك فولكەیەك، دەمویست خەڵكێك بدۆزمەوە قسەیان لەگەڵ بكەم. خواردنگەكە بە پێچەوانەی شارەكە جمەی دەهات. خەڵكی ئاسایی و سەربازانی سوپای عێراق هاتبوون بۆ نانی بەیانی پاچە بخۆن، كە مووسڵ پێی بەناوبانگە.

لەنێو خواردنگەكەدا، مەنجەڵێكی گەورەی پاچە، پڕ لە مێشك و ریخۆڵە و قاچی مەڕ، هەڵمی لێ بەرز دەبووەوە، خەڵكانێكی زۆریش نانیان وردكردبووە ناو قاپەكانیان و سەرەیان گرتبوو..
قەبارەی شوێنەكە، قەرەباڵخی و دەنگەدەنگ و لە پاڵ هەموو ئەمانەشدا هەڵمی مەنجەڵە پاچەكە، دیمەنی كارگەیەكی قەرەباڵخی بە خواردنگەكە دابوو. نیوەی موشتەرییەكان سەربازانی هێزی تایبەتی سوپای عێراق بوون.

لە تەنیشت مەنجەڵە زەبەلاحەكە، دوو چایچی بەردەوام چاییان تێدەكرد بۆ ئەو كەسانەی تازە لە خواردنی پاچەكەیان ببوونەوە، دەیانویست چەوریی و رۆنی پاچەكە بە چایی كوڵاو بشۆنەوە.

بەدەم تەماشاكردنی قەرەباڵخییەكەوە چاوم كەوتە سەر پیاوێك كە بۆ یەك چركەش وازیان لێی نەدەهێنا بە تەنیا بێت، بەردەوام دوو یان سێ كەس بە دەوریەوە بوون، ئیدی یان ئەوان داوای شتێكیان لەو دەكرد، یان ئەو شتێكی بەوان دەگوت و جێیاندەهێشت. پیاوەكە چاكەتێكی چەرم و بلوزێكی لەبەر بوو، ریشی پاك تراشیبوو، خوارەوەی سمێڵیشی بە جوانی رێك كردبوو. لە سەركردەی گروپێك دەچوو كە راوێژكارەكانی دەورەیان دابێت.

پرسیارم كرد كێیە و گوتیان خاوەنی خواردنگەكەیە. بە دوای كاتێكدا دەگەڕام هیچكەس سەرقاڵی نەكردبێت، ئەو دەرفەتەم دەستكەوت و چوومە لای. ناوی حاجی ناسر بوو. ئەگەرچی ناوەكەی لە ناوی كەسێكی پیر دەچوو، بەڵام خۆی گەنج و دڵتەڕ بوو. باڵەخانەكە خانووی باپیری بوو، ئەو خۆی كردبووی بەو خواردنگە گەورە و بەناوبانگە.

حاجی ناسر بزنسمەنێك بوو بە مانای تەواوی وشە. توانیبووی بە درێژایی دەیەی رابردوو و لەناو ئەو هەموو شەڕ و ئاژاوە و پشێوییەی مووسڵدا خواردنگەكەی بە كراوەیی بهێڵێتەوە. بەڵام ئەمە ئاسان نەبووە و وەك خۆی دەیگوت، گروپە چەكدارە توندڕەوەكان ژیانیان لێ تاڵ كردبوو. لە 2005 ئەلقاعیدە ناچاری كردبوو ناوی شوێنەكە بگۆڕێت و زەكاتیش بدات. لە ماوەی دەسەڵاتی داعشیشدا جارێكی دی ناچار كرابوو ناوی شوێنەكە بگۆڕێت، ئێستاش كە سوپای عێراق هاتبوونە ناو ئەو بەشەی مووسڵ، ئەو بۆ جاری سێیەم ناوی خواردنگەكەی گۆڕیبوو.

داعش زیاتر لە دوو ساڵ لە مووسڵ حوكمی كرد، حاجی ناسر چیرۆكی زۆری ئەوانی لابوو. وەك خۆی دەیگێڕایەوە چەكدارانی داعش هەر كاتێك حەزیان بكردبایە دەهاتن بۆ پاچەخواردن. بەگوتەی حاجی ئەوان هەندێكجار پارەیان دەدا و هەندێكجاریش تەنانەت سوپاسیشیان نەدەكرد و دەردەچوون. چەكداری زۆربەی ناوچەكانی جیهانی بینیبوو، لەوانەش عەرەب، خەڵكی باكووری ئەفریقا، ئەوروپی، عەرەبی كەنداو و قەوقازییەكان. بەڵام رق و تووڕەییەكی زۆری بەرامبەر چەكدارە مەغریبییەكان لە دڵدا بوو. حاجی لوشمەی دەهات، وەك بڵێی تازە سەرمابوونەكەی چاك بووبێتەوە، بەدەم لوشمەوە گوتی "لە هەموویان خراپتر مەغریبییەكان بوون، دەهاتن و حیسابی هیچیان بۆت نەدەكرد، وەك بڵێی هەر مرۆڤ نەبیت. سووكایەتیان پێدەكردین و دەیانشكاندینەوە، زۆر لووتبەرز بوون".

لە كاتی شەڕ و پێكدادانەكانی نێوان سوپای عێراق و داعشدا، حاجی ناسر تەنیا چەند رۆژێك خواردنگەكەی داخست. وەك خۆی دەیگوت، زۆربەی ئەوانەی ئەو یاسا قورسانەی شەریعەیان بەسەر شار و خەڵكەكەیدا دەسەپاند، خۆیان نوێژیشیان نەدەكرد. بە گوتەی حاجی، چەكدارەكانی داعش لە كاتی نانی نیوەڕۆ دەهاتنە نێو خواردنگەكە و مشتەرییەكانیان ناچار دەكرد بۆ نوێژی نیوەڕۆ ریز ببەستن، بەڵام خۆیان نوێژیان نەدەكرد، بیانووشیان ئەوە بوو كە "ئێمە بە جیهادەوە سەرقاڵین، بۆیەش رێگەمان پێدراوە نوێژەكان نەكەین".

حاجی لە كاتی هێرشەكەی 2014ی داعش بۆ سەر مووسڵ، ئەو شارەی بەجێهێشت و لە گوندی حەسەن شام مابووەوە، بەڵام دواتر بیستبووی داعش دەست بەسەر موڵك و ماڵی ئەو كەسانەدا دەگرێت كە شارەكەیان جێهێشتووە، بۆیە گەڕابووەوە.

ئەو بەیانییە بۆ ئەوە لە مووسڵ بووم راپۆرتێك لەبارەی نیگەرانی و ترسی خەڵك لە شانە نوستووەكانی داعش ئامادە بكەم، كە دەگوترا تەنیا ریشیان تاشیوە و چەكیان داناوە، بەڵام لە كاتی گونجاو دەگەڕێن بۆ ئەوەی دەست بوەشێنن.

ترس و نیگەرانییەكان لە خۆڕا نەبوون. رۆژی هەینی، واتە پێنج رۆژ دوای گفتوگۆكەی من و حاجی ناسر، خۆكوژێكی داعش خۆی كرد بەناو خواردنگەكەدا و خۆی تەقاندەوە.. یەكێك لە قوربانییەكانی ئەو هێرشەش حاجی ناسر بوو.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە