رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی فەرماندەیی پاسەوانی سنووریی عێراق دەڵێت، چەند چەکدارێکی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە، بە هەڵە لە خاڵێکی سنووری لە نێو خاکی عێراق جێگیرببوون، ئەمڕۆ دوای گفتوگۆکردن لەگەڵیان، خاڵە سنوورییەکەیان چۆڵ کرد.
رۆژی سێشەممە، 14ـی کانوونی دووەمی 2025، عەقید حەیدەر کەرخی، گوتەبێژی فەرماندەیی پاسەوانی سنووریی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سەرەتای ئەم هەفتەیە، چەند چەکدارێکی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ناوچەی رەبیعە بە هەڵە لە خاڵێکی سنووریی نێو خاکی عێراق جێگیرببوون، دوای گفتوگۆکردن لەگەڵیان خاڵە سنوورییەکەیان چۆڵ کرد."
گوتەبێژی فەرماندەیی پاسەوانی سنووریی عێراق دەڵێت، "تیمێکی ئەندازیاریی سەر بە فەرماندەییەکەمان کە کاری نەخشەسازی دانانی دیواری کۆنکرێتیی و تاوەرە چاودێرییەکان دەکەن، بە هێڵکاریی ئەندازەیی بۆ هێزەکانی هەسەدەیان سەلماند کە ئەو خاڵە سنوورییەی ئەوان تێیدا جێگیرن سەر بە عێراقە نەک سووریا، ئەوانیش رازی بوون و شوێنەکەیان چۆڵ کرد."
رەبیعە سەر بە قەزای تەلەعفەرە لە پارێزگای نەینەوا، کە هاوسنووری پارێزگای حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستانە.
عەقید حەیدەر کەرخی، دڵنیایی دەدات لەوەی، "سنوورەکانی عێراق لەگەڵ سووریا بە بە تەواوی لە ژێر کۆنترۆڵی پاسەوانی سنووردایە و بەتەواوی پارێزراوە."
رۆژی 10ـی ئەم مانگە، عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە رووداوی گوت، "هێزەکانی سنوور توانییان نزیکەی 83 کیلۆمەتری دیکە دیواری کۆنکرێتی بۆ سنوورەکانمان لەگەڵ سووریا زیاد بکەن، ئەو کارەش بە ماوەیەکی کورت و تێچوویەکی کەم کرا."
عێراق لە رێگەی هەردوو پارێزگای نەینەوا و ئەنبارەوە 615 کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ سووریادا هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ