کورد لە دوایین ساڵی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراقدا چاوی لە پەسندکردنی سێ پرۆژەیاسایە

15 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەم خولەى پەرلەمانى عێراق کۆتایی ئەم ساڵ تەواو دەبێت، سێ پڕۆژەیاسا بۆ کورد گرنگن کە دووانیان تەنیا دەنگدان لەسەریان ماوە، لەگەڵ ئەوەى بەڵێنى تێپەڕاندنیان دراوە، بەڵام ئەندامێکى لیژنەى یاسایى دەڵێت، "هیچ گەرەنتییەک نییە" لەم خولەدا تێپەڕێندرێت. 
 
دووشەممە، 13ى کانوونى دووەمى 2025، پەرلەمانى عێراق کۆبوونەوەکانى وەرزى یاسادانانى یەکەمى ساڵى چوارەم و کۆتایی خۆى دەستپێکرد.
 
عەلى دیفاعی، گوتەبێژى ئەنجوومەنى باڵاى ئیسلامى عێراق بە رووداوى گوت: "پەرلەمانى عێراق لەم وەرزەدا لە بەردەم ئاڵنگاری دایە بۆ پەسندکردنى چەندین پڕۆژەیاسا، لەگەڵ ئەوەى ئەم ساڵ کۆتایی ساڵى تەمەنى ئەم خولەیە و وەرزى یاسادانانى یەکەم زۆر گرنگە، چونکە لە وەرزى دووەمدا هەمووان بە ئامادەکارى بۆ هەڵبژاردن سەرقاڵ دەبن".
 
لە هەر ساڵێکدا دوو وەزری یاسادانان هەن کە وەزرێکیان پێنج مانگە و دوو مانگیش پشووە. 
 
یەکێک لەو پڕۆژە یاسایانەى لە پەرلەمانى عێراق پەیوەندیی بە کوردەوە هەیە، پڕۆژەى هەموارى یاسای بودجەى گشتیى عێراقە بۆ ساڵانى 2023 ، 2024 و 2025. ئەو هەموارە لە مادەى 12ى یاساکە دەکرێت و پار خوێندنەوەى یەکەمى بۆ کرا و دوێنێش (دووشەممە) خوێندنەوەى دووەمی بۆ کرا، ئێستا تەنیا دەنگدانی ماوە. 
 
هەموارەکە تایبەتە بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کە بڕى 16 دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بۆ بەرمیلێک نەوت داناوە، تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتى راوێژکاریى نرخێکى خەمڵێندراوى بۆ دیاری دەکات.
 
یەکێکی دیکە لە پڕۆژە یاساکان کە بۆ کورد گرنگە، گەڕاندنەوەى موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان کە تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەى هەشت بڕیارى ئەنجوومەنى سەرکردایەتى شۆڕشى دەسەڵاتى پێشووى عێراق بۆ داگیرکردنى زەوى و زارى جووتیارانى کورد و تورکمان لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانى دیکە، پڕۆژەیاساکە خوێندنەوەى یەکەم و دووەمى بۆ کراوە و تەنیا دەنگدانى ماوە لە پەرلەمان.
 
تێپەڕاندنى ئەو پڕۆژە یاسایە بەستراوەتەوە بە دەنگدان بە هەردوو پڕۆژەیاساى هەموارى یاساى بارى کەسى کە شیعەکان داواى دەکەن، لەگەڵ هەموارى یاساى لێبووردنى گشتى کە داواکاریى سوننەکانە.   
 
سەباح حەبیب، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە پشکى کەرکووک، بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "ئومێد هەیە پڕۆژەیاساى گەڕاندنەوەى موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان لەگەڵ ئەو دوو یاسایەى دیکە لەم ساڵدا تێپەڕندرێت و لەو بارەیەوە بەڵێن دراوە کە بخرێتە خشتەى کارەوە".    
 
پڕۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە یەکێکى دیکە لەو پڕۆژە یاسایانەى کە دەمێکە کورد داوای پەسندکردنی دەکات، کە لە 2023ەوە لە قۆناخى دەنگدان پەکى کەوتووە.
 
پڕۆژەیاساکە لە چوار مادە پێکهاتووە؛ تایبەتە بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە وەک نۆزدەمین پارێزگاى عێراق، کە ناوەندى پارێزگاکە شارى هەڵەبجە دەبێت و لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان سنوورى یەکە کارگێڕیییەکانى پارێزگاکە دیاری دەکرێت. 
 
چرۆ حەمەشەریف، ئەندامى پەرلەمان عێراق لە پشکى پارێزگاى هەڵەبجە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، مەحموود مەشهەدانى سەرۆکى پەرلەمان بەر لەوەى بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێردرێت بەڵێنى دا ئەگەر دەنگى پێ بدەین، پڕۆژەیاسای بە پارێزگاکردنى هەڵەبجە تێپەڕێنێت.
 
چرۆ حەمەشەریف گوتى: "لە پەرلەمان واژوو کۆدەکەینەوە بۆ ئەوەى ئەو پڕۆژەیاسایە بخرێتە خشتەى کاری پەرلەمانەوە".
 
بڕیارە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە کۆتایی مانگى تشرینى یەکەمى ئەم ساڵ بکرێت، بەگوێرەى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمان، رێکارە یاساییەکانی ئەو پڕۆژەیاسانە، ئەگەر پەسندیش نەکرێن، بۆ خولى دواتر دەمێننەوە.
 
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایى پەرلەمانى عێراق لە بارەى تێپەڕاندنى ئەو یاسایانە بە رووداوى گوت: "بەهۆى دۆخى وڵاتەکە، گەرەنتى هیچ شتێک نییە" .
  
بەگوتەى ئەو پەرلەمانتارە، تێپەڕاندنى ئەو پڕۆژەیاسایانەى پەیوەندیدارن بە کوردەوە، پێویستى بەوەیە لە رێگەى یەکێتى و پارتییەوە کارى لەسەر بکرێت، کە ئەندامن لە هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە