داوا لە دەستەی لێپرسینەوە و دادوەری دەکرێت رێکاری یاسایی دژی شەعلان کەریم بگیرێتەبەر

رووداو دیجیتاڵ  

سەرۆکی لیژنەی شەهیدان، قوربانیان و زیندانییە سیاسییەکانی پەرلەمانی عێراق داوا لە دەستەی باڵای لێپرسینەوە و دادپەروەری دەکات، رێکاری یاسایی دژی بەربژێری پارتەکەی محەممەد حەلبووسی بۆ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بگرێتەبەر و دەڵێت، "روونە پەیوەندیی بە بەعسەوە هەبووە."
 
حەسەن سالم، سەرۆکی لیژنە پەرلەمانییەکە ئەمڕۆ (یەکشەممە، 14-1-2024) نووسراوێکی فەرمیی ئاراستەی ئەو دەستە عێراقییە کردووە کە بەرپرسە لە ریشەکێشکردنی حیزبی بەعس و یەکلاییکردنەوەی ناوی ئەو کەسانەی پێشتر سەر بەو حیزبە بوون، کە ئێستا لە عێراق قەدەخەکراوە.
 
حەسەن سالم داوا لە دەستەی باڵای لێپرسینەوە و دادپەروەری دەکات رێکاری یاسایی دژی شەعلان کەریم، بەربژێری پارتی تەقەدووم بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بگرێتەبەر، چونکە وەکو لە نووسراوی ئەو پەرلەمانتارەی عەسائیبی ئەهلی حەقدا هاتووە، 'بەڵگە هەیە، ئەو بەربژێرە بە حیزبی بە‌عسدا هەڵدەڵێت." 
 
حەسەن سالم کاری ئەو بەربژێرە بۆ بوون بە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە پێشێلکردنی یاسا بەرکارەکان ناودەبات و دەڵێت، "دەبێت لەماوەی 24 کاژێردا وەڵاممان بدەنەوە." 
 
دوای ئەوەی 15-11-2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق ئەندامیێتیی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمان هەڵوەشاندەوە، ئێستا لەنێو سوننەکاندا سێ بەربژێر بۆ جێگرتنەوەی هەن کە بریتین لە شەعلان کەریم، بەربژێری پارتی تەقەدووم بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی؛ سالم عیساوی، بەربژێری هاوپەیمانیی سەروەری بە سەرۆکایەتیی خەمیس خەنجەر و مەحموود مەشهەدانی، بەربژێری هاوپەیمانیی عەزم.
 
شەوی رابردوو لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان، لە گەڕی یەکەمی دەنگداندا 314 پەرلەمانتار دەنگیان دا، شەعلان کەریم بە بەدەستهێنانی 152 دەنگ، پێشەنگ بوو، بەڵام لە گەڕی یەکەمدا هیچ کام لە بەربژێران دەنگی پێویستیان بەدەستنەهێنا و، هەرچەندە بڕیار بوو هەر هەمان شەو گەڕی دووەمی دەنگدان بکرێت، بەڵام دانیشتنەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
 
بۆ ئەوەی کەسێک ببێتە سەرۆکی پەرلەمان، پێویستی بە زۆرینەی رەهای دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانە، واتە لە کۆی 329 دەنگ، دەبێت بەلایەنی کەمەوە 166 دەنگ بەدەستبهێنێت.