سوودانی بۆ بلینکن: چاوەڕێی کردار لە حکومەتی نوێی سووریا دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە سەردانێکی رانەگەیێندراو لە بەغدایە و لەگەڵ سوودانی کۆبوویەوە و گوتی: کار بکرێت بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر کە رەنگدانەوەی گەلی سووریا بێت بە هەموو پێکهاتەکانییەوە.
ئەمڕۆ هەینی، 13ـی کانوونی یەکەمی 2024، نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سوودانی و بلینکن، باسی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو لا و بەهێزکردنی هاوکاری و هاوبەشیی کراوە، هەروەها باسی دۆخی ناوچەکە و پێشهاتەکانی سووریا کراوە و باس لە پێویستیی هەوڵی هەرێمی و نێودەوڵەتیش بۆ پتەوکردنی ئاسایشی سووریا و ناوچەکە بە گشتی کراوە".
لە کۆبوونەوەکەدا سوودانی جەختی لە هەڵوێستی عێراق بۆ هاوکاریکردنی سووریا کردووەتەوە، "باسی گرنگیی هاوکاری وڵاتانی دۆست بۆ دووبارە بنیادنانەوەی سووریا و بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکان کردووە".
سوودانی ئاماژەی بەوەش کردووە، "بۆ پاراستنی ئاسایشی سووریا؛ پێویستە هەموو پێکهاتەکان لە بەڕێوەبردنی وڵاتەکەدا بەشداربن، عێراقیش چاوەڕێی کردار لەوانە دەکات کە ئێستا قۆناخی راگوزەری سووریا بەڕێوەدەبەن نەک گوفتار".
هەر بەگوێرەی نوسینگەکەی؛ سوودانی گوتوویەتی، "گرنگە رێگەنەدرێت هیچ لایەنێک پێشێلکاری لەسەر خاکی سووریا بکات، چونکە ئەوە دەبێتە هەڕەشە لە ئەمن و ئاسایشی ناوچەکە."
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە، "ئەمریکا هاوڕایە لەگەڵ عێراق لەسەر ئەوەی کە رێز لە هەڵبژاردەکانی گەلی سووریا بگیرێت و کار بکرێت بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر کە رەنگدانەوەی گەلی سووریا بێت بە هەموو پێکهاتەکانییەوە."
بلینکن ئاماژەی بەوەش کردووە، "عێراق رۆڵێکی گرنگی هەیە و هاوبەشێکی بنەڕەتییە لە ناوچەکەدا، کە گرنگە پرس و رای پێبکرێت بۆ ئەو پێشهاتانەی لە ناوچەکەدا روودەدەن، هەروەها پێویستە ئەندامانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی پابەندبن بە پاراستنی ئاسایش، سەروەری و سەقامگیری عێراق".
نووسینگەی سوودانی دەڵێت، "هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی غەززە و گرنگیی کارکردن بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕەکە کراوە".
ئەم سەردانەی بلینکن بۆ بەغدا، دوای ئەوە دێت کە رۆژی 12-12-2024، گەیشتە ئەنقەرە و لەگەڵ هەریەک لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە و چەند بەرپرسێکی دیکە کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە لەسەر داهاتووی سووریا و هاوئاهەنگیی واشنتن و ئەنقەرە لە قۆناخی داهاتووی ئەو وڵاتە بووە.
لەبارەی کۆبوونەوەکە، ماتیو میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەدا، باسی بەرژەوەندیی هاوبەش و پشتگیریی لە سووریاییەکان لە قۆناخی راگوزەری سیاسیی بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بنکەفراوان و بەرپرسیار کراوە".
سەردانی بلینکن بۆ ناوچەکە دوای ئەوە دێت، رۆژی 08-12-2024، چەکدارانی دەستەی تەحریری شام و گرووپە هاوپەیمانەکانی، دەستیان بەسەر دیمەشق دا گرت و حکومەتی بەشار ئەسەدیان رووخاند.