عێراق
ساتی گەیشتنی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ بەغدا و لەلایەن بەرپرسانی ئەمریکاوە پێشوازی لێدەکرێت. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەغدا بەڵێنیدا کار لەگەڵ عێراق بکەن بۆ ئەوەی رێگە لە سەرهەڵدانەوەی داعش بگرن. داواشیکرد کەمینەکانی سووریا بپارێزرێن. عێراق سێیەم وێستگەی ئەم گەشتەی بلینکن بوو لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
رۆژی هەینی، 13-12-2024، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە سەردانێکی لەناکاو و رانەگەیێندراو گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا. بلینکن لە گەشتێکی ناوچەکەدایە بۆ دۆخی سووریا. یەکەم وێستگەی لە ئوردن بوو، دواتر تورکیا و پاشان عێراق. بڕیارە لە سبەیەوە سەردانی چەند وڵاتێکی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکات.
باڵاترین دیپلۆماتی ئەمریکا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە. بلینکن گوتی: "بە سەرۆکوەزیرانی عێراقم گوت، ئێمە پابەندین بە کارکردن بۆ ئاسایشی و سەروەریی عێراق، هەروەها بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە کە عێراق بەهێز و پارێزراوە."
وەزیرە ئەمریکییەکە گوتیشی: "پێموایە ئەمە کاتێکی باشە بۆ عێراق بۆ ئەوەی سەروەری و سەقامگیریی خۆی بەهێز بکات. هیچ لایەنێک لە عێراق زیاتر لە گرنگیی سەقامگیری و سەرهەڵنەدانەوەی داعش نازانێت. ئێمە پابەندین بەوەی داعش دووبارە نەژیێتەوە."
سەردانی بلینکن بۆ ناوچەکە دوای ئەوە دێت، رۆژی 08-12-2024 چەکدارانی دەستەی تەحریری شام دەستیان بەسەر شاری دیمەشق دا گرت و کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری پێشووی سووریا هێنا. دواتر رووسیا رایگەیاند، بەشار ئەسەد و ماڵباتەکەی لە مۆسکۆن و مافی پەنابەرێتییان پێدراوە.
دوای کۆبوونەوەکە، نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی بڵاویکردەوە: "لە کۆبوونەوەکە سەرنجی گفتوگۆکان لەسەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا، رێگەکانی بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی هاوبەش و دۆخی ناوچەکە بەتایبەت پێشهاتەکانی سووریا بوون. دۆخی سووریا پێویستیی بە هەوڵە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانە بۆ ئەوەی ئاسایشی سووریا بەهێزبکرێت و لە سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە دڵنیابینەوە."
نووسینگەکە رایگەیاند: "سەرۆکوەزیران هەڵوێستی عێراقی بۆ پشتیوانیکردنی سووریا لەم قۆناخە هەستیارە دووپاتکردەوە، جەختی لەوە کردەوە کە گرنگە وڵاتە هاوڕێکان یارمەتیی بنیادنانەوەی سووریا و چارەسەرکردنی ئاڵنگارییەکان بدەن. سەرۆکوەزیران جەختی لەوە کردەوە گرنگە هەموو پێکهاتەکانی سووریا نوێنەرایەتییان لە بەڕێوەبردنی وڵاتەکە هەبێت، تاوەکو سەقامگیرییان پێشبخەن. عێراق چاوەڕێی کردارە نەک تەنیا وشە، لەوانەی کە ئێستا قۆناخی راگوزەریی سووریا بەڕیوەدەبەن."
عێراق و سووریا هێشتا لەژێر کاریگەریی پەلامارەکەی داعش ماون کە 10 ساڵ لەمەوبەر خاکێکی فراوانی هەردوو وڵاتی داگیرکرد.
دوای ئەوەی بە هێڵیکۆپتەرێک گوازرایەوە نێوەڕاستی بەغدا، بلینکن ستایشی ئاوەدانیی عێراقی کرد و گوتی، "سەرکەوتنی پیشانداوە."
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سوودانی، بلینکن هاوڕایی عێراق و ئەمریکای دووپاتکردەوە لە پێویستیی رێزگرتن لە بژاردەی گەلی سووریا، هەروەها کارکردن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر، "کە خواستی خەڵکی سووریا تێیدا رەنگبداتەوە."
بلینکن لە کۆبوونەوەکە، باسی "گرنگیی رۆڵی عێراقی لە ناوچەکە کردووە و باسی ئەوەی کردووە، عێراق هاوبەشێکی گرنگە و بە پێویستی زانیوە لەم دۆخەی ئێستا راوێژ بە عێراق بکرێت."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی کۆبوونەوەکەی بەغدا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "بلینکن جەختی لە پابەندیی ئەمریکا بۆ هاوبەشیی ستراتیجیی عێراق کردەوە و پشتیوانیی ئەمریکای بۆ پرۆسەی سیاسیی سووریا دووپاتکردەوە."
ماتیۆ میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی: "بلینکن داوایکرد، پێویستە پرۆسەی راگوزەری سووریا رێز لە مافی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە بگرێت. پێویستە ژنان، کەمینەکان، ناوچە ئایینی و پیرۆزەکانی سووریا بپارێزرێن. هاوکاریی مرۆیی بۆ سووریا بەردەوام بێت."
بلینکن دوێنێ لە ئەنقەرە بوو. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەی بلینکن لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا؛ لەسەر داهاتووی سووریا و هاوئاهەنگیی واشنتن و ئەنقەرە لە قۆناخی داهاتووی ئەو وڵاتە بووە.
لەبارەی کۆبوونەوەکە، ماتیو میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە بەرژەوەندیی هاوبەش و پشتگیریی لە سوورییەکان لە قۆناخی راگوزەری سیاسیی بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بنکەفراوان و بەرپرسیار کراوە."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راشیگەیاند: "هەردوولا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە پێویستە رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگیرێت و خەڵکی سڤیل بپارێزرێن، بەتایبەتی کەمینەکانی سووریا. بلینکن دڵنیایی داوە لە درێژەدان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە سووریا."
دوێنێ شەو، بلینکن لە تورکیا مایەوە، ئەمڕۆ هەینی پێش ئەوەی بگاتە عێراق کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی لەگەڵ هاکان فیدان کرد. وەزیرانی هەردوو وڵات دوای کۆبوونەوەیان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی هاوبەشدا قسەیان بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
هاکان فیدان گوتی: "دوو بابەتی گرنگ و بەپەلەی رۆژەڤمان بریتییە لە سووریا و غەززە. دەتوانرێت چی بکرێت بۆ یەکێتی و یەکپارچەیی، پێکەوەیی و سەروەریی سووریا؟ هەم تورکیا و ئەمریکا، هەم ئەکتەرە ناوچەییەکان چ رۆڵێکیان دەکەوێتە سەر شان؟ دەبێت چۆن پێکەوە بە هاوبەشی کار بکەین؟ بە وردەکارییەوە لەسەر ئەو بابەتانە گفتوگۆمان کرد. بەتایبەتی دەستەبەرکردنی سەقامگیری لە سووریا و رێگەنەدان بە تیرۆر بۆ ئەوەی داعش و پەکەکە لەوێ دەسەڵاتدار نەبن. بێگومان ئەمانە کاری لەپێشینەمانن لەوێ."
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، دەبێت لە سووریا حکومەتێکی گشتگیر پێکبهێنرێت و پشتیوانیی حکومەتێك دەکەن تێگەیشتنی بۆ مافەکانی مرۆڤ هەبێت.
ئاماژەی بەوەشدا، "خەڵکی سووریا چاوەڕێی ئایندەیەکی باشتر دەکەن و دەمانەوێت لەوە دڵنیابینەوە کە داعش ناتوانێت سەرهەڵبداتەوە."
رۆژی 11-12-2024 بلینکن، کە کەمتر لە مانگێکی لە کابینەکەی ماوە، لە شاری عەقەبەی ئوردن گوتی: "لەگەڵ هەموو ئەو سەرکردانەی لە ناوچەکە قسەیانم لەگەڵ کردووە، هاوڕابوون لەسەر رێبازێکی گشتگیر بۆ ئەوەی مامەڵە لەگەڵ بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێو سووریا بکرێت."
بلینکن هەروەها گوتی: "چاومان لەوەیە سووریا وەک بنکەیەکی تیرۆر و هەڕەشە بۆ سەر دراوسێکانی بەکارنەهێنرێت، هەروەها هاوپەیمانیی گرووپە هاوشێوەکانی داعش نەکات."
بڕیارە بلینکن دوای عێراق بگەڕێتەوە عەقەبەی ئوردن. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئوردن: "بلینکن بەشداریی کۆبوونەوەیەکی وەزاری دەکات بۆ یارمەتیدان لە دروستکردنەوەی دامەزراوە حکومییەکانی سووریا؛ بەجۆرێک یەکڕیزی، سەلامەتیی خاک، سەروەری، سەقامگیری و مافی هەموو هاوڵاتییانی سووریا پاریزراوبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ