کۆمیسیۆن 14 سکاڵا لە دژی حەلبووسی یەکلایی دەکاتەوە و سکاڵایەکیش لەدژی تۆماردەکات

رووداو دیجیتاڵ 

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق داواکارییەکانی پارتی حەل بۆ هەڵوەشاندنەوەی پارتی تەقەدووم کە محەممەد حەلبووسی سەرۆکایەتی دەکات رەتکردەوە و بڕیاریشیدا بە بیانووی ناردنە دەرەوەی پارە بۆ دەرەوەی عێراق سکاڵا لەسەر حەلبووسی تۆماربکات.
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەو 14 سکاڵایەی لەسەر محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی لەسەر کاردوورخراوەی پەرلەمانی عێراقی یەکلاییکردووە، دوای پۆڵینکردنی سکاڵاکان، بەشێکی هێشتنەوە و بڕیاریدا سکاڵا لەسەر حەلبووسی تۆمار بکات.
 
ئەو سکاڵایانەی کۆمیسیۆن رەتیکردوونەتەوە پەیوەندیان بە هەڕەشەکردن، هێرشکردن، جنێودان و قسە پێگوتن، هەروەها بەشێکیشیان داواکاری بوون بۆ هەڵوەشاندنەوەی پارتی تەقەدووم کە محەممەد حەلبووسی سەرۆکایەتی دەکات، بەڵام ئەو سکاڵایانەی لەسەر حەلبووسی بە پاساوی ناردنە دەرەوەی پارە بۆ دەرەوە هەبوون پەسندی کردن و بڕیارە بەپێی یاسای پارتە سیاسییەکانی عێراق سکاڵای لەسەر تۆمار بکات.
 
رۆژی چوارشەممە، 13-12-2023، د.هیمان تەحسین، بەڕێوەبەرى گشتیی فەرمانگەى پارت و رێکخراوە سیاسییەکانى سەر بە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەهۆی ئەوەی ئەو پارە ناردنە دەرەوەی عێراق بەبێ ئاگاداری ئێمە بووە، بۆیە پێشێلکردنی مادەکانی 24، 25، 41 و 50ـی یاسای پارتە سیاسییەکانە و ئێمە بەم نزیکانە لە دادگەی لێکۆڵینەوەی بەغدا سکاڵای لەسەر تۆماردەکەین."
 
دوێنێ سێشەممە، 12-12-2023، ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی عێراق، لە کۆبوونەوەیەکدا بڕیارەکانی فەرمانگەى پارت و رێکخراوە سیاسییەکانى سەر بە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراقی پەسندکرد کە ئەمانەبوون:
 
- تۆمارکردنی سکاڵا لە دژی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم بەپێی حوکمەکانی مادەی 50ـی پارتە سیاسییەکانی ژمارە 36ـی ساڵی 2015.
- رەتکردنەوەی داواکانی هەڵوەشاندنەوەی پارتی تەقەدووم بەهۆی نەبوونی بەڵگەی تەواو و پێویست.
- رەتکردنەوەی سکاڵاکانی تایبەت بە هێرشکردن و سەرپێچیکردن و هەڕەشەکردن.
 
بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی بڵاوکراونەتەوە، پارتی تەقەدووم گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای (BGR)ـی ئەمریکی کردووە بۆ پێدانی راوێژکاریی سەرکردایەتی و سیاسی و بابەتی جۆراوجۆر کە بەپێی گرێبەستەکە ساڵانە 600 ملیۆن دۆلاریان بۆ کۆمپانیاکە ناردووە، بەشێک لەلایەنە شیعەکانیش دەڵێن، پشکێکی کۆمپانیاکە ئیسرائیلییە، بەو هۆیەوە و بەپاساوی پێشێلکردنی یاسای قەدەخەکردنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل، ژمارەیەک سکاڵای لەسەر تۆمارکرا.
 
رۆژی سێشەممە، 15-11-2023، بەپاساوی ساختەکاری، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمان هەڵوەشاندەوە و رایگەیاند، "ئەمە بڕیاری کۆتاییە و پێویستە هەموو دەسەڵاتەکان پێوەی پابەند بن."
 
رۆژی 30-11-2023، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا سەرجەم ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە دراونەتەپاڵی، بەتایبەت ئەوەی گوایە لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەمریکی گرێبەستی کردووە نزیکە لە ئیسرائیلەوە و ئەوەش بەپێی یاسای قەدەخەکردنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل قەدەخەکراوە، حەلبووسی گوتی، "رایدەگەیێنم، عێراق جێناهێڵم، هەر لە عێراق دەمێنمەوە و هەر کاتێک دادگە بانگهێشتم بکات، دەچم و ئامادەی دادگەییکردن دەبم."