ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق چەند بڕیارێکی دا


رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی سێشەممە 13-12-2022، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی کۆبووەوە و دوای کۆبوونەوەکە لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "400 ملیار دینار شایستەی هەرێمی کوردستان دەنێرین."
 
نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەو بارەوە دەڵێت: "پاڵپشت بە کارنامەی وەزاری کە هێزە سیاسییەکان لەسەری رێککەوتوون و پەرلەمانی پەسندی کردووە، بەپێی بڕیاری ژمارە 18ی ساڵی 2022 بە نووسراوی ژمارە (1/9.د.خ./س.1/18) لە 27ی تشرینی یەکەمی 2022، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا کە وەزارەتی دارایی 400 ملیار دینار خەرج بکات، ئەوەش وەک شایستەی هەرێمی کوردستان." 
 
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەو بڕە پارەیە لە داهاتی نەوتی و نانەوتییە و لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵییەوە بە هاوئاهەنگی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان وربینی دەکرێت، ئەوەش دوای تەواوکردنی هەژماردنی داهاتی نەوتی لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان." 
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیارێکی دیکە دران. نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی دەڵێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا رۆژی 25ی کانوونی یەکەم پشووی فەرمی بێت لە هەموو عێراق، ئەوەش بەبۆنەی کریسمسەوە. هەروەها رۆژی 26ی کانوونی یەکەم بۆ کریستیانەکانی عێراق پشوو دەبێت. 
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بۆ نەهێشتنی دزەپێکردنی پرسیارەکان، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق راسپاردەی لیژنەی لێکۆڵینەوەی پەسندکرد کە لەبارەی دزەپێکردنی پرسیارەکانی پۆلی سێی ناوەندی ساڵی خوێندنی (2021-2022) پێشکێشی کردبوو و "ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندیدا لەسەر دوورخستنەوەی قاسم رەحیم مجبل عگێلی لە پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی رەسەفە دوو." 
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا دوو پرۆژە یاسای تایبەت بە سعودیە پەسندکران: پرۆژە یاسای پەسندکردنی رێککەوتنی عێراق و سعودیە لەبارەی دوورکەوتنەوە لە سەپاندنی دوو باجی لەسەر باجی داهات و سەرمایە و رێگریکردن لە خۆدزینەوە لە باج؛ هەروەها پرۆژەیاسای پەسندکردنی رێککەوتنی هاوکاریی نێوان عێراق و سعودیە لە بواری گواستنەوەی دەریایی.
 
هاوکات ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەردەوامبوون لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراقی تاوتوێکرد، لەبارەی دەسەڵاتەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر و پەسندکردنی راسپاردەکانی تایبەت بە چاوخشانەوە بە تەواوی ئەو بڕيارانەی کە ئەنجوومەنی وەزیرانی پێشووی عێراق لەماوەی حکومەتی کاربەڕێکەر دەریکردوون لە 8ی تشرینی یەکەمی 2021 تاوەکو 27ی تشرینی یەکەمی 2022. 
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی دا لەسەر گواستنەوەی (40.000.000.000) دینار لە بودجەی بەکاربەری وەزارەتی تەندروستی بۆ قەرەبووکردنەوەی فەرمانبەران. هەروەها گواستنەوەی (15.075.000.000) دینار لە کۆی رێژەی 1/12 لە کۆی خەرجیی یەکەکانی دیکە، لەوانەش کورتهێنانی مووچەی وەزارەتی ژینگە.