رووداو دیجیتاڵ
گرووپی ئەسحابولکەهف، کە گرووپێکی چەکداریی شیعەیە لە عێراق، هەڕەشەی بەئامانجکردنی هێزەکانی ئەمریکا دەکات و دەڵێت، چاودێری و بەدواداچوون بۆ کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکەن و "لە کاتی گونجاودا بە بۆمب دەیانکەنە ئامانج".
گرووپی ئەسحابولکەهف لە کەناڵی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلیگرام بڵاویکردەوە، "لە کاتی گونجاودا، یەکەی هەواڵگری لە بەرگریی ئیسلامی لە رێگەی یەکەی راگەیاندنی جەنگییەوە چاودێری و بەدواداچوونمان بۆ ئۆتۆمبێلەکانی داگیرکاری ئەمریکی و پاشکۆکانی لە بنکەی ئاسمانیی عەلی سالم تاوەکو دەروازەی نایاسایی جرێشان رادەگەیێنێت".
دەروازەی جرێشان دەروازەیەکە لەنێوان پارێزگای بەسرە لە باشووری عێراق و کوێت؛ بنکەی ئاسمانیی عەلی سالمیش بنکەیەکی سەربازیی کوێتە کە 37 کیلۆمەتر لە سنووری نێوان عێراق و کوێت دوورە؛ سوپای ئەمریکا لەو بنکەوە پاڵپشتیی لۆجستی بۆ هێزەکانی لە عێراق دابیندەکات.
گرووپی ئەسحابولکەهف دەشڵێت، "لە کاتی پێویستدا، ئەگەر سەرکردەیەکی خۆشەویستمان بڕیار بدات، ئەوا بۆمبەکانمان لەبەردەم دەروازەی جرێشان و بنکەی ئاسمانیی عەلی سالم، کە هێزەکانی سوپای تیرۆریستی ئەمریکای تێدایە، دەتەقنەوە".
پەیمانگەی واشنتن دەڵێت، گرووپی ئەسحابولکەهف کە لە ساڵی 2019 ناوەکەی دەرکەوتووە، دیارترین ئەو ناوانەیە کە "میلیشیا پاڵپشتیکراوەکان لەلایەن ئێرانەوە" بەکاریدەهێنن بۆ شاردنەوەی تێوەگلانیان لە هێرشە سەربازییەکان، تەنانەت گرووپی ئەسحابولکەهف "زۆر پەیوەندیی" بە گرووپی عەسائیبی ئەهلی حەق و قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەقەوە هەیە.
گرووپی ئەسحابولکەهف تاوەکو ئێستا چەند جارێک بەرپرسیارێتیی خۆی لە بەئامانجکردنی کاروانەکانی دابینکردنی پاڵپشتیی لۆجستی بۆ هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هێزەکانی تورکیا لە عێراق راگەیاندووە؛ گرووپەکە تاوەکو ئێستا چەند جارێک بەرپرسیارێتیی خۆی لە بۆردوومانکردنی باڵیۆزخانە و هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەولێر راگەیاندووە.
بەپێی ئەنجامی گفتوگۆی ستراتیژی و رێککەوتنی نێوان عێراق و ئەمریکا، بڕیارە لە 31ی ئەم مانگەوە بە فەرمی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، کە فەرماندە سەربازییەکانی هاوپەیمانان دەڵێن ژمارەیان بە تێکڕا دەگاتە سێ هەزار و 500 سەرباز و راوێژکار و راهێنەری سەربازی، بە تەواوەتی بگۆڕدرێت.
بەڵام پێش ئەو وادە و بە دیاریکراوی پێنجشەممەی رابردوو 09-12-2021، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندەیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، لە تویتێکدا رایگەیاند، ئەرکی شەڕکردنی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق کۆتاییهات، بۆیە چیدیکە هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا بەشداریی شەڕی دژی تیرۆر لە خاکی عێراق ناکەن، بەڵکو ئەو هێزانە تەنیا راوێژ و زانیاریی هەواڵگری پێشکێشی هێزەکانی عێراق دەکەن و مەشقیان پێدەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ