رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى ناوخۆى عێراق ماوەى مانگێک مۆڵەت دەداتە ئەو کرێکارە بیانییانەى لە هەرێمى کوردستانەوە چوونەتە پارێزگەکانی ناوەڕاست و باشووری وڵاتەکە، بۆ ئەوەى دۆخى یاسایی خۆیان بگونجێنن، هۆشداریش دەدات لەوەی هەر کەس و کۆمپانیایەک رۆڵى هەبێت لە دزەپێکردنى ئەو کرێکارە بیانییانە، رێوشوێنى یاسایی "تووند" لە دژیان دەگیرێتەبەر.
میقداد میرى، گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق رایگەیاند، لەسەر بنەماى بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیران کە ئەمساڵ دەرچووە و تایبەتە بە گونجاندنى دۆخى یاسایی کرێکارانى بیانى، بڕیاردرا کرێکارانى سووریایی، بەنگلادشی و پاکستانى لە بەغدا و پارێزگەکانى دیکە کە لە رێگەى هەرێمى کوردستانەوە هاتوون، لە 25ى تشرینى دووەمەوە تاوەکو 25ى کانوونى یەکەم دۆخى یاساییان بگونجێندرێت.
ئەو هەنگاوە لە رێگەى پێشکێشکردنى داواکارییەکانیان دەبێت لە سەکۆى ئور، کە سەکۆیەکى ئەلیکترۆنى فەرمیى عێراقە بۆ راییکردنى مامەڵەکان.
میقداد میرى هەروەها گوتی: "هەر کەسێک لەسەری بسەلمێت کە تێوەگلاوە لە بەقاچاخبردن، داڵدەدان و کارپێکردنى ئەو کرێکارە بیانیانەى بەشێوەیەکى نایاسایی دزەیان کردووەتە ناو خاکى عێراق،دەدرێتە دادگە. هەروەها رێوشوێنى یاسایی تووند لە دژى ئەو کەس و کۆمپانیایانە دەگیرێتەبەر کە رۆڵیان لەو دزەپێکردنەدا هەبووە".
نزیکەى یەک ملیۆن کرێکارى بیانى لە عێراق کاردەکەن، بە گوێرەى سەندیکارى کرێکارانى عێراق نزیکەى 70%یان بەبێ مۆڵەت کاردەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ