رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوا لە نووسینگەکەی دەکات بە دواداچوون بۆ داننان بە زانکۆی گەرمیان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بکات.
رۆژی 15-10-2024، عومەر کروی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، نووسراوی فەرمی بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە سەبارەت بە داننان بە زانکۆی گەرمیان.
وێنەیەکی نووسراوەکە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوە، تێیدا رۆژی 9ی ئەم مانگە سەرۆکوەزیرانی عێراق پەراوێزی لەسەر نووسیوە و رەوانەی نووسینگەکەی کردووە، بۆ بەدواداچوون.
ژمارەیەک کۆلێژی زانکۆکە لە قەزای خانەقینن؛ بەڵام حکومەتی عێراق دان بە بڕوانامەی دەرچووانی ئەو زانکۆیە نانێت.
رۆژی 16-10-2024 سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی دیالەی کرد. ئەوس مەهداوی، نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەو سەردانەدا یەکێک لەو داواکاریانەی کە ئاراستەی سەرۆکوەزیرانیان کرد، داننابوو بە زانکۆی گەرمیان، ئەویش بەڵێنیدا کاری لەسەر بکات.
رۆژی 25-06-2014، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق دانینا بەو زانکۆیە؛ بەڵام دواتر دانپێنانەکەی کشاندەوە.
زانکۆی گەرمیان، لە 2010 دامەزراوە، سەنتەرەکەی لە شاری کەلارە، حەوت کۆلێژ، 29 بەش، 478 ستافی ئەکادیمی و 5219 خوێندکاری هەیە.
کۆلێژەکانی زانکۆکە بریتین لە: پزیشکی، زانست، کۆمپیوتەر و تەکنەلۆجیای زانیاری، پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان، زمان و زانستە مرۆڤایەتییەکان، پەروەردە و پەروەدەی بنەڕەتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ