سپایکەر نەوەى زڕبرایەکى سەدام لە لوبنانەوە دەگەڕێنێتەوە عێراق


رووداو دیجیتاڵ 

دەسەڵاتدارانى ئەمنیی لوبنان کوڕەزاى زڕبرایەکى سەدام حوسێن، سەرۆکى پێشووى رژێمى بەعس رادەستى عێراق دەکەنەوە، کە تۆمەتبارە بە تێوەگلان لە رووداوى سپایکەر کە تێیدا زیاتر لە 1700 خوێندکارى کۆلێژى سەربازى لە ساڵى 2014 لەلایەن چەکدارانى داعشەوە کوژراون.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى وەزارەتى ناوخۆى عێراق، عەبدوڵڵا یاسر سەبعاوى لە 11ى تشرینى دووەم رادەستى پۆلیسی ئینتەرپووڵ کراوەتەوە، لەپاش هاوئاهەنگی نێوان وەزارەتى دەرەوەى عێراق و باڵیۆزخانەکەى لە لوبنان و پۆلیسی ئینتەرپووڵى ئەو وڵاتە و دەزگەى هەواڵگرى نیشتیمانیى عێراق. 
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، عەبدوڵڵا سەبعاوى بەگوێرەى مادەى چوارى یاساى بنبڕکردنى تیرۆر داواکراوە، کە پەیوەندارە بە بەشداری و پەردەپۆشکردنى کردەوەى تیرۆریستی و سزاکەى لەنێوان بەندکردنى تاهەتایی تاوەکو لەسێدارەدانە.
 
عەبدوڵڵا یاسر سەبعاوى تۆمەتبار کراوە بەوەى رۆڵى هەبووە لە رووداوى سپایکەر کە تێیدا زیاتر لە 1700 سەربازى فیرقەى 18ى سوپاى عێراق لەلایەن رێکخراوى داعشەوە لە 12ى حوزەیرانى 2014  بەدیلگیران، کاتێک لە سەربازگەى سپایکەر بوون لە شارى تکریتى پارێزگاى سەلاحەدین و دواتر زۆربەیان گوللەبارانکران. 
 
رۆژی 12ى تشرینى دووەمى 2022، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق فەرمانیدا بە رێزلێنانى کارمەندانى بەڕێوەبەرایەتیى پۆلیسی ئینتەرپووڵى عێراقى بەهۆى وەرگرتنەوەى عەبدوڵڵا یاسر سەبعاوى و رادەستکردنى بە دادگەى عێراقى. 
 
عەبدوڵڵا یاسر سەبعاوی، کوڕەزاى سەبعاوى ئیبراهیم تکریتى زڕبراى سەدام حوسێنە، کە دواى ساڵى 2003 چەندین تۆمەتى ئاراستەکراوە و دەستگیرکراوە؛ لە ساڵى 2013 بەهۆى نەخۆشییەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانى بەغدا گیانى لەدەستدا. 
 
باوکى عەبدوڵڵا کە یاسر سەبعاوییە، لەساڵى 2005 بە تۆمەتی بەعسیبوون دەستگیرکرا و لەساڵى 2021 ئازاد کرا. 
 
رەزا تەمیمى، یەکێکە لەو پارێزەرانەى ئاگادارى دۆسیەی دادگاییکردنى تۆمەتبارانى سپایکەرە بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "ئەو تۆمەتەى ئاراستەى عەبدوڵڵا یاسر سەبعاوى کراوە، بەشداریکردنێتى لە کوشتنى قوربانییانى ئەو رووداوە، بەڵام هێشتا هەر تۆمەتە و دەبێت ئەوە لە دادگە  یەکلایی بکرێتەوە." 
 
لەدواى رادەستکردنەوەى ئەو تۆمەتبارە، سەعد سەبعاوى، مامى ئەو تۆمەتبارە لە نووسینێکدا لە تویتەر ئاماژەى بەوە داوە، برازاکەى لەلایەن دەسەڵاتدارانی لوبنانەوە رادەستى عێراق کراوەتەوە و بەم نزیکانە وردەکارى ئەو "پلانگێڕییە" ئاشکرا دەکات. 
 
رۆژی 21ى ئابى 2016، سزاى لەسێدارەدان بەسەر 36 تاوانبارى دۆسیەی سپایکەر جێبەجێکرا، هەروەها لە 8ى ئابى 2017، دادگەى ناوەندى تاوانەکان لە عێراق سزاى لەسێدارەدانى بۆ 27 تۆمەتبارى دیکە دەرکرد. 
 
رەزا تەمیمى باسی لەوە کردووە، بەشێک لە سزاى لەسێدارەدانەکان لەو دۆسیەیە جێبەجێنەکراون، بەهۆى کێشەى واژۆ نەکردنى لەلایەن سەرۆککۆمارەوە.