پێگەیەکی جیهانی: هەوای بەغدا پیسە و ماسک ببەستن

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
چەند رۆژێکە بۆنێکی ناخۆش لە بەغدای پایتەختی عێراق بڵاوبووەتەوە. بەگوێرەی پێگەیەکی جیهانی، پیسیی هەوای بەغدا 15 هێندە لە رێژەی ستانداردی جیهانی زیاترە. ژینگە و کەشناسیی عێراق، بەکارهێنانی سووتەمەنی خراپ لە پاڵاگە و کارگەکان، بە هۆکاری سەرەکی پیسبوونەکە دەزانن. 
 
ئەو ئامارە بەگوێرەی پێگەی ئای کیو ئێیەری سویسرییە، کە تایبەتە بە چاودێریی کواڵێتی هەوای جیهان.
 
بەگوێرەی هەمان پێگە، هەواکە ناتەندروستە، کاریگەری لەسەر تەندروستیی خەڵک بەگشتیی هەیە. پێشنیازی کردووە خەڵک ماسک بەکاربهێنێت و ئەگەر پێویست نەبێ نەچنە دەرەوە.
 
بەپێی ستانداردی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، پێویستە رێژەی تەنۆلکە پیسەکان لە نێو هەوادا، زیاتر نەبێت لە پێنج مایکۆگرام لە هەر یەک مەتر سێجادا؛ بەڵام رێژەکە لە بەغدا گەیشتووەتە 74 مایکۆگرام لە هەر یەک مەتر سێجادا.
 
رۆژی 19ى تشرینى یەکەمی 2024، عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو بۆنەی دانیشتووانی بەغدا چەند رۆژێکە هەستی پێدەکەن، یەکەم جار نییە و ‌چەند جارێکە دووبارە دەبێتەوە.
 
لەبارەی هۆکارەکەشی دەڵێت، زۆرن، دیارترینیان بوونی پاڵاوگەی دۆرە و 100 کارگەی خشت، ئەمانە کاردەکەن و گاز و نەوتی خراپ دەستووتێنن. دەرهاویشتەکەشی بۆنێکی ناخۆشی کبریتی دروست دەکات.
 
سەبارەت بە ئامێری پێوانەی پیسی هەوا، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی کەشناسی گوتی، ئەو ئامێرە لای وەزارەتی ‌ژینگەیە، لەکاتێکدا پێوست بوو لە دەستەی کەشناسیی بێت، نەک وەزارەتی ژینگە.
 
هەر لەوبارەوە، ئەمیر حوسێن، بەڕێوەبەری هۆشیاریی و راگەیاندن لە وەزارەتی ژینگەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگەی بەغدا زۆرن، لیژنەکانی وەزارەتەکەیان راپۆرت و بەدواداچوونیان بۆ کردووە.
 
ئەمیر حوسێن دەڵێت، بەکارهێنانی نەوتی رەش لە لایەن وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، کارگەکانی قیر، کارگەکانی خشت. هەروەها لەنێوبردنی خاشاک لە شوێنە دیاریکراوەکاندا بەشێوەیەکی ناتەندروست، بەتایبەتی لە ناوچەکانی سەربازگەی رەشید، نەهرەوان و تاجی، هۆکارە سەرەکییەکانی پیسبوونی ژینگەی بەغدان.
 
بەڕێوەبەری هۆشیاریی و راگەیاندن لە وەزارەتی ژینگەی عێراق جەختی لەوە کردەوە، وەزارەتەکەی رێکاری خێرا و گونجاو دەگرێتەبەر، بۆ کەمکردنەوەی ئەو دەردانانە و راگرتنی سەرچاوەکانیان. 
 
شەممە 12-10-2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا لیژنەیەک پێکبهێنرێت بۆ لێکۆڵینەوە لەو بۆنەی چەند رۆژێکە لە بەغدا بڵاوبووەتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە