رووداوێکی هاتووچۆ لە واست گیانلەدەستدانی دوو کەسی لێکەوتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
رووداوێکی هاتووچۆ لە پارێزگای واست روویدا و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا.
 
رووداوەکە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 13-10-2024، لەسەر رێگەی کوت حوسێنییە لە نێوان دوو ئۆتۆمبێل لە جۆرەکانی ساڵۆن کراون و کیا سالۆن روویداوە.
 
عەلی محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی پارێزگای واست، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی ئەو رووداوە، دوو کەس گیانیان لە دەستداو، کە تەمەنیان 20 و 35 ساڵە، هەردووکیان پیاون.
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی پارێزگای واست گوتیشی، تەرمەکان رەوانەی دادپزیشکی کراون. 
 
بەگوێرەی ئاماری دەستەى سەرژمێری و سیستمى زانیاریى جوگرافیی عێراق، ساڵی رابردوو 11 هەزار و 552 رووداوی هاتووچۆ لە عێراق روویانداوە، 3262 رووداو گیانلەدەستدانیان لێکەوتووەتەوە، کە دەکاتە 28.2%ى رووداوەکان؛ لە کاتێکدا ساڵى 2022 ژمارەى رووداوەکانى هاتووچۆ 11 هەزار و 523 رووداو بوون، بەوەش 0.3% زیادیکردووە.
 
ئەو ئامارەى دەستەى سەرژمێری و سیستمى زانیاریى جوگرافیی عێراق، چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.