وەزیری دەرەوەی عێراق هۆشداری دەدات: ئیسرائیل دەیەوێت پەلکێشی شەڕمان بکات

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی عێراق هۆشداری لە فراوانبوونی جەنگ دەدات و دەڵێت، "ئیسرائیل دەیەوێت عێراق پەلکێشی شەڕ بکات." هاوتا ئێرانییەکەی وەزیرە عێراقییەکەش گوتی، ""ناوچەکەی ئێمە لە بارودۆخێکی نائاساییدایە."
 
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، "هۆشداریمان داوە لە فراوانکردنی بازنەی شەڕ و گوتمان هێرشکردنە سەر لوبنان دەبێتە هۆی شەڕێکی دیکە. بەردەوامیی هێرشەکانیش هەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەکە دەکات."
 
وەزیرەکەی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، دەیانەوێت "مۆتەکەی شەڕ" لە ناوچەکە، بە دیاریکراوی لە عێراق دووربخەنەوە.
 
بە گوتەی فوئاد حوسێن، "ئیسرائیل دەیەوێت عێراق پەلکێشی شەڕ بکرێت،" دەشڵێت، "ئێمە رەتی دەکەینەوە ئاسمانی عێراق وەکو ئاسمانی شەڕ بەکاربهێندرێت."
 
قسەکانی وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بوو لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی لە بەغدا، ئەوەشی خستەڕوو، "هەر شەڕێک رووبدات، دەبێت عێراق و ئاسمانی عێراق لە دەرەوەی شەڕەکە بن. شەڕ رووبدات، ئاسایشی هەموو ناوچەکە تێکدەچێت و پشێوییەکی چەکداری روودەدات. داعش و گرووپەکانی دیکەش خۆیان رێکدەخەنەوە." هەروەها داوای کرد، هەوڵبدرێت بۆ پاڵپشتیکردنی گەلی لوبنان و فەلەستین و راگرتنی شەڕ.
 
فوئاد حوسێن جەختی لەوە کردەوە، "بڕیاری شەڕ لای حکومەتی عێراق نییە، بەڵکو لەلای دەوڵەتە بە هەرسێ دەسەڵاتەکانیەوە."
 
هاوکات عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی، "ناوچەکەی ئێمە رووبەڕووی ئاڵنگاریی زۆر مەترسیدار بووەتەوە و لە بارودۆخێکی نائاساییدایە."
 
عێراقچی دەڵێت، "هێندەی خەڵک لە غەززە ئاوارە بووە، بە هەمان قەبارە خەڵکی لوبنانیش ئاوارە بوون. ملیۆنێک و 200 هەزار کەس [لە لوبنان] ئاوارە بوون."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەیشی گوت، "زۆر خۆشحاڵم کە هەڵوێستی تووندی وەزیری دەرەوەی عێراق و دەوڵەتی عێراقم بیست، کە عێراق رێگە نادات ئاسمانەکەی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران یاخود هەر وڵاتێکی دیکە بەکاربهێندرێت. ئەمە هەڵوێستێکی دۆستانەیە و هەر چاوەڕێی ئەوەمان لە عێراق کردووە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە