وەزارەتی کارەبای عێراق بۆ رووداو: 900 مێگاوات کارەبا لە هەرێمی کوردستان دەکڕین
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت، رۆژانە 900 مێگاوات کارەبا لە هەرێمی کوردستان دەکڕن؛ کە لە کەرتی تایبەتەوەیە.
ئەحمەد موسا عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ئەمڕۆ (یەکشەممە، 13-10-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەشێکی کارەبای عێراق لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە دابین دەکرێت، "رۆژانە 900 مێگاوات کارەبا لە هەرێمی کوردستان دەکڕین."
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق گوتی، "ئەو بڕە کارەبایە کەم و زیاد دەکات، بەڵام رۆژانە تێکڕا 900 مێگاوات کارەبا لە کەرتی تایبەتی هەرێمی کوردستان دەکڕین".
ئەحمەد موسا رۆژی 09-10-2024ـیش لەبارەی بڕی کارەبا لە عێراق بۆ رووداو قسەی کرد و رایگەیاند، "کۆماری ئیسلامیی ئێران هەناردەکردنی گازی رۆژانەی بۆ عێراق لە 30 ملیۆن مەترسێجاوە بۆ 18 ملیۆن مەترسێجا کەمکردووەتەوە، بەو هۆیەوە 2200 مێگاوات کارەبا کەمیکردووە."
سەبارەت بە هۆکاری ئەو کەمکردنەوەیە، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق گوتی، "ئێران پێی راگەیاندووین، خەریکی نۆژەنکردنەوەی بۆری گواستنەوەی گازە، چونکە وەرزی زستان نزیکبووەتەوە و دەبێت نۆژەن بکرێتەوە."
ئەحمەد عەبادی ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو گازەی لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەباش بۆمان دابین دەکرێت، کەمی کردووە. هەروەها وەزارەتی کارەباش سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەی بەشێکی وێستگەکانە و ئامادەکاری بۆ وەرزی زستان دەکات."
30-07-2024 زیاد عەلی، وەزیری کارەبای حکومەتی عێراق لە کاتی پرۆژەی فراوانکردنی وێستگەی کارەبای حەیدەریە لە نەجەف رایگەیاند، بەرهەمهێنانی کارەبایان گەیاندووەتە 27 هەزار و 400 مێگاوات کارەبا کە پێشتر نزیکەی 19 هەزار مێگاوات بوو.
پێشتر وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاندووە، لەوپەڕی زیادبوونی خواست لەسەر کارەبا، پێویستیان بە 45 هەزار مێگاوات کارەبا هەیە بۆ ئەوەی کارەبای 24 کاژێری دابین بکەن.