پارتی رێبەر ئەحمەد لە بەربژێرایەتیی سەرۆککۆمار دەکشێنێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، "له‌پێناو سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆمار و دامه‌زراندنی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی فیدراڵ بڕیارماندا به ‌كشاندنەوه‌ی هه‌ڤاڵ رێبه‌ر ئه‌حمه‌د له‌ بەربژێرایەتی سه‌رۆككۆمار". هەروەها پارتی بڕیاری داوە دەنگ بە لەتیف رەشید بدەن.
 
بڕیارە ئەمڕۆ 13-10-2022 کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەڕێوەبچێت، مەکتەبی سیاسیی پارتی لە راگەیێندراوێکدا وێڕای کشاندنەوەی بەربژێری حیزبەکە ئاماژەی بەوە دا، "سه‌باره‌ت به‌ سه‌رۆككۆماری عێراق كه‌ پشكی كورده،‌ بۆچوونی خۆمان به‌ڕاشكاوی راگه‌یاندووه‌ كه‌ به‌پێویستی ده‌زانین كۆده‌نگی گه‌لی كوردی له‌سه‌ربێت، چونكه‌ نوێنه‌ری كورده‌ لە عێراقی فیدراڵدا، به‌داخه‌وه‌ هه‌وڵدرا ئه‌م بابه‌تە پشتگوێ بخرێ و به‌ده‌ستتێوه‌ردان و سه‌پاندنی ئیراده‌ و له ‌ده‌ره‌وه‌ی كۆده‌نگی ئه‌م مافه‌ی گه‌لی كورد پێشێل بكه‌ن، بۆیە پارتیمان هه‌ڤاڵ (رێبه‌ر ئه‌حمه‌د)ی بەربژێرکرد بۆ ئه‌و پۆسته‌".
 
پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق 31 کورسی هەیە. د. فوئاد حوسێن، سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری پارتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەربژێرەکەیان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کشاندووەتەوە و دەنگ بە لەتیف رەشید دەدەن.
 
هەروەها رێبەر ئەحمەد لەو بارەوە لە تویتەری خۆی رایگەیاند، لە پێناو بەدیهێنانی رێککەوتنی نیشتمانی و خزمەتکردنی بەرژوەندییەکانی وڵات و هاووڵاتییان لە بەربژێرایەتیی سەرۆککۆمار کشاوەتەوە، هەروەها سوپاسی سەرۆک مەسعود بارزانی و پارتی دەکات بۆ پێدانی ئەو متمانەیە.
 
دوای هەڵبژاردنی پەرلەمان لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، رەوتی سەدر، هاوپەیمانیی سووننەکان و پارتی هاوپەیمانێتییەکیان راگەیاند بە ناوی "رزگارکردنی نیشتمانی". مەکتەبی سیاسیی پارتی لەو بارەوە دەڵێت، "هه‌وڵه‌كانمان به‌ڕوون و ئاشكرا بۆ رزگاركردنی پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق له‌ چه‌قبه‌ستوویی به‌گه‌ڕخست و، بەبێ جیاوازی له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كانی براوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق له‌ گفتوگۆدا بووین و، پابەندی و رێزیشمان بۆ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی هه‌رسێ پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی عێراق هه‌بوو له‌ ده‌ستنیشانكردنی نوێنه‌ریان بۆ ئه‌و پۆسته‌ سیادیه‌ی بۆ هه‌ر لایه‌ك دیاریكراوه‌".