مستەفا کازمی پیرۆزبایی لە لەتیف رەشید و محەممەد شیاع سوودانی دەکات


رووداو دیجیتاڵ

دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پیرۆزبایی هەڵبژاردنی لە لەتیف رەشید و راسپاردنی محەممەد شیاع سوودانی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ کرد.
 
رۆژی پێنجشەممە، 13-10-2022، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دوو تویتی جیاوازدا پیرۆزبایی هەڵبژاردنی لە لەتیف رەشید بە سەرۆککۆمار لەلایەن پەرلەمانی عێراق و راسپاردنی محەممەد شیاع سوودانی، بەربژێری چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە لایەن سەرۆککۆمارەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ کرد.
 
کازمی لە پیرۆزباییەکەیدا بۆ لەتیف رەشید نووسیویەتی: "پیرۆزبایی لە دکتۆر لەتیف رەشیدی برا دەکەین بەبۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆککۆماری عێراق؛ ئومێدی سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ دەخوازین؛ داوا لە سەرجەم هێزە سیاسییەکانیش دەکەین هاوئاهەنگ بن و پشتیوانی بۆ دەستەبەربکەن."
 
ئەو قسانەی مستەفا کازمی دوای ئەوە هات، ئەمڕۆ سێشەممە پەرلەمانی عێراق لە گەڕی دووەمی دەنگداندا لەتیف رەشیدی بە 162 دەنگ بە سەرۆککۆمار هەڵبژارد و بەرهەم ساڵحیش کە 99 دەنگی بەدەستهێنا، لە رکابەرایەتییەکە سەرنەکەوت.
 
سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق کە لەگەڵ متمانە وەرگرتنی محەممەد شیاع سوودانی و کابینەکەی لەلایەن پەرلەمانەوە کارەکانی تەواو دەبێت، لە تویتێکدا لەبارەی راسپاردنی محەممەد شیاع سوودانی، بەربژێری چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق پیرۆزبایی لێکرد و رایگەیاند: "پیرۆزبایی لە محەممەد شیاع سوودانی برا دەکەین بەبۆنەی راسپاردنی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت؛ داوا لە سەرجەم هێزە سیاسییەکان دەکەین هاوئاهەنگ و تەواوکار بن؛ ئومێدی سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ پێکهێنانی حکومەت بۆ دەخوازین لە پێناو بەدیهێنانی ئومێد و ئاواتەکانی گەلە بەخشندەکەمان."
 
دوای زیاتر لە 12 مانگ لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رۆژی ئەمڕۆ پێنجشەممە پەرلەمانی عێراق لەتیف رەشیدی بە سەرۆککۆمار هەڵبژارد و لە کاژێری یەکەمی هەڵبژاردنی دوای سوێندخواردنی، محەممەد شیاع سوودانی بۆ پێکهێنانی حکومەت راسپارد.
 
کێشمەکێشمی نێوان لایەنە سیاسییەکان و بەتایبەت لایەنە شیعەکان لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا دۆخی خزمەتگوزارییەکان و کەرتە ئابوورییەکانی عێراقی پاشکەشەپێکردبوو، پەسندنەکردنی بودجەش یەکێک بوو لە دیارترین ئەو پرسانەی کاریگەریی لەسەر خەڵک دانابوو. بڕیارە لە ماوەی یەک مانگدا وەکو ئەوەی لە دەستووری عێراق دیاریکراوە، محەممەد شیاع سوودانی کابینەکەی بخاتە بەردەم ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ پەسندکردنی.