بافڵ تاڵەبانی: لەتیف رەشید بەشێکە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، لەتیف رەشید بەربژێری هاوبەشی ئەوان و پارتی دیموکراتی کوردستان نەبووە بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق و گوتیشی، پارتی بەربژێرەکەی خۆی کە رێبەر ئەحمەد بوو کشاندەوە، چونکە دەیزانی سەرکەوتن بەدەستناهێنێت. 
 
دوای هەڵبژاردنی بە سەرۆککۆماری عێراق، لەتیف رەشید لەلایەن بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا. 
 
دوای کۆبوونەوەکە، بافڵ جەلال تاڵەبانی وەڵامی پەیامنێری رووداوی لەبارەی بۆچوونیان لەسەر هەڵبژاردنی لەتیف رەشید دایەوە و گوتی: "چەند ساڵ لەگەڵ مام جەلال ژیاوم، زیاتر لەگەڵ کاک لەتیف ژیاوم. کاک لەتیف بەشێکە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان؛ هەر بەشێک بووە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هەر بەشێکیش دەبێت لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بە یەکەوەش رێبازی مام جەلال دەپارێزین".
 
بافڵ جەلال تاڵەبانی رەتیکردەوە کە دکتۆر لەتیف رەشید بەربژێری هاوبەشی یەکێتی و پارتی بووبێت و گوتی: "کاندیدی پارتی کاک هۆشیار بوو کە شکاندمان؛ کاندیدی پارتی رێبەر بوو کە شکاندمان".
 
لەبارەی کشاندنەوەی رێبەر ئەحمەد، بەربژێری پارتی بۆ لەتیف رەشید، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گوتی: "کشاندیانەوە، چونکە دەیانزانی ئەویش لێرە دەشکێت".
 
سەرۆک بارزانی لەگەڵ شاندێكی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆبووەوە. بارەگای بارزانی دەڵێت، بەشداربووانی کۆبوونەوەکە باسیان لەوە کردووە کە "پێش کۆبوونەوەی پەرلەمان پێویستە رێککەوتن بکرێت."
 
رۆژی دووشەممە 10ی تشرینی یەكەمی 2022، لە پیرمام سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێكی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەت كرد. شاندەکە پێکهاتوون لە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پەرلەمانى عێراق، فالح فەییاز، سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبی، خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سەروەری و محەممەد شیاع سوودانی، بەربژێرى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى بۆ پۆستى سەرۆکوەزیران. 
 
دوای کۆبوونەوەکە بارەگای بارزانی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە كۆبوونەوەكەدا دۆخی سیاسیی عێراق و رێڕەوی دانوستاندنەكانی پەیوەست بە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان، دیاریكردنی سەرۆككۆمار و پێكهێنانی حكومەتی عێراق تاوتوێكراون. بەربژێری پارتی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار رێبەر ئەحمەد بوو، بەڵام بڕیاریدا بیکشێنێتەوە و لەبری ئەوە، پەرلەمانتارانی ئەو حیزبە دەنگیان بە لەتیف رەشید دا.