بەرهەم ساڵح پیرۆزبایی لە لەتیف رەشید دەکات: هیوادارم لە کارەکانت سەرکەوتوو بیت


رووداو دیجیتاڵ

بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق پیرۆزبایی لە لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری نوێ کرد و رایگەیاند، هیوادارە لە کارەکانی سەرکەوتووبێت.
 
پەرلەمانی عێراق لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بە بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران سەرکەوتنی لەتیف رەشیدی بەسەر بەرهەم ساڵحدا راگەیاند.
 
لە گەڕی دووەمدا لەتیف رەشید توانیی 162 دەنگ بەدەستبهێنێت، بەوەش 50 کۆ یەکی دەنگەکانی بەدەستهێنا و بەرهەم ساڵح 99 دەنگی بەدەستهێنا. هاوکات هەشت دەنگی پووچەڵیش هەبوو.
 
دوای راگەیاندنی ئەنجامەکە، بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق لە تویتێکدا پیرۆزبایی لە لەتیف رەشید کرد و رایگەیاند، "شانازییە" کە لە رابردوودا سەرۆککۆماری عێراق بووە و "لەژێر چەتری نیشتمانیدا" کاری کردووە و، دەشڵێت، هەمیشە پشتیوانیی لە چاکسازی کردووە.
 
لە بەشێکی دیکەی تویتەکەیدا بەرهەم ساڵح پیرۆزبایی لە لەتیف رەشید کرد و گوتی، "هیوادارم لە کارەکانی سەرکەوتوو بێت."
 
پرۆفایلی لەتیف رەشید، بەربژێری سەرکەوتووی سەرۆککۆماری عێراق:
 
- ساڵی 1944 لە سلێمانی لەدایکبووە
- ساڵی 1968 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازەی شارستانی لە زانکۆی لیڤەرپووڵ بەدەستهێناوە
- ساڵی 1976 دکتۆرای لە زانکۆی مانچستەر بەدەستهێناوە
- لە یەمەن و سعودیە بەڕێوەبەری پرۆژەی رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی جیهانی FAO بووە
- ئەندامی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی کۆنگرەی نیشتمانیی عێراقی INC بووە
- ساڵی 1986 نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە لە بەریتانیا
- ساڵی 2003 بووەتە وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق