پەرلەمانی عێراق سەرکەوتنی لەتیف رەشید رادەگەیێنێت و کازمی پیرۆزبایی لێدەکات

13-10-2022
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانی عێراق بە فەرمی سەرکەوتنی لەتیف رەشیدی وەکو بەربژێری سەرکەوتوو بۆ پۆستی سەرۆککۆمار راگەیاند و سەرۆکوەزیرانی عێراقیش پیرۆزبایی لێدەکات.
 
لەتیف رەشید لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق بە بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بووە سەرۆککۆماری عێراق.
 
لە گەڕی دووەمدا لەتیف رەشید توانیی 162 دەنگ بەدەستبهێنێت، بەوەش 50 کۆ یەکی دەنگەکانی بەدەستهێنا و بەسەر بەرهەم ساڵحدا سەرکەوت کە 99 دەنگی بەدەستهێنا. هاوکات هەشت دەنگی پووچەڵیش هەبوو.
 
دوای تەواوبوونی پرۆسەکە، پەرلەمانی عێراق بە فەرمی سەرکەوتنی لەتیف رەشیدی وەکو بەربژێری سەرکەوتوو بەسەر بەرهەم ساڵحدا راگەیاند. هەروەها مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق وەکو یەکەمین کەس پیرۆزبایی لێکرد و رایگەیاند، "داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەم کە هاوکار و پشتیوانی بن."
 
پرۆفایلی لەتیف رەشید، بەربژێری سەرکەوتووی سەرۆککۆماری عێراق:
 
- ساڵی 1944 لە سلێمانی لەدایکبووە
- ساڵی 1968 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازەی شارستانی لە زانکۆی لیڤەرپووڵ بەدەستهێناوە
- ساڵی 1976 دکتۆرای لە زانکۆی مانچستەر بەدەستهێناوە
- لە یەمەن و سعودیە بەڕێوەبەری پرۆژەی رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی جیهانی FAO بووە
- ئەندامی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی کۆنگرەی نیشتمانیی عێراقی INC بووە
- ساڵی 1986 نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە لە بەریتانیا
- ساڵی 2003 بووەتە وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە