سەدر گرووپێک لەنێو رەوتەکەی دەردەکات کە 'دژی هێزەکانی ئەمریکا بوون'

 
رووداو دیجیتاڵ

رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، بڕیاری دوورخستنەوەی گرووپێکی دیکەی نێو رەوتەکەی دا، کە بریتین لەو کەسانەی باوەڕیان بە "دژایەتیکردنی هێزەکانی ئەمریکا" هەیە و بە "میلیشیای بۆگەن" ناویبردوون؛ دەشڵێت، "دەزگا ئەمنییەکانیان لێ ئاگادار بکەنەوە."
 
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە (رەوتی سەدر)ی پێشوو، ئەمڕۆ هەینی 13ی ئەیلوولی 2024، لە راگەیێندراوێکدا کە لەلایەن ساڵح محەممەد عێراقی، ناسراو بە وەزیری سەدر، بڵاوکراوەتەوە؛ داوای لە تەحسین حمێداوی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سەرایا سەلامی سەر بە رەوتەکەی کرد گرووپەکە لە "میلیشیای بۆگەن" پاک بکاتەوە.
 
دەشڵێت، "پێویستە لەسەر رەوتی نیشتمانیی شیعە بایکۆتی (ئەزهەرییوون)، کە میلیشیای بۆگەنن، بکات؛ هێزە ئەمنییەکان لە خۆیان و لە کردەوە خراپەکانیان ئاگادار بکاتەوە، کە دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی نیشتمان."
 
ژمارەیەک رەوت و رێبازی نێو رەوتی نیشتمانیی شیعە، کە پێشتر ناوی (رەوتی سەدر) بوو، لەگەڵ ژمارەیەک لە دەرەوەی رەوتەکەش، لە رابردوودا بانگەشەی نزیکییان لە رەوتەکە کردووە و زێدەڕۆییان لە خۆشەویستیی موقتەدا سەدر و باوکی و رێبازی ئال سەدر کردووە و دەرکراون.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، گرووپی "ئەزهەرییوون"، ژمارەیەک کەسن لەنێو گرووپی چەکداریی سەرایا سەلامی سەر بە رەوتی نیشتمانیی شیعە، بە نزیکی لەگەڵ عەسائیبی ئەهلی حەق و قەیس خەزعەلیی ئەمینداری تۆمەتبار دەکرێن.
 
گرووپەکە پێچەوانەی رەوتی نیشتمانیی شیعە، باوەڕیان بە رووبەڕووبوونەوەی چەکداری و دژایەتیکردنی هێزەکانی ئەمریکا لەم قۆناخەدا هەیە.
 
گرووپی ئەزهەرییوون ناوەکەی لە ئەزهەر دلێمی، سەرکردەی پێشووی چەکداریی رەوتی سەدر هاتووە، یەکێک بوو لەو کەسانەی لە 19ی ئایاری 2007 لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە کوژرا، دوای ئەوەی بە جلی سەربازیی ئەمریکی و ناسنامەی ساختەوە سێ بازگەی پۆلیسی عێراق و ئەمریکییەکانی بڕی و گەیشتە باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەربەلا، لەوێ ژمارەیەک سەرباز و ئەفسەری ئەمریکیی کوشت و بە دیل گرت.