حکومەتی عێراق و پەیمانگەی بەیکەر بۆ پرسی وزە یاداشتێکی هاوئاهەنگییان واژۆکرد

رووداو دیجیتاڵ
 
حکومەتی عێراق و پەیمانگەی بەیکەر بۆ پرسی وزە یاداشتێکی هاوئاهەنگییان واژۆکرد؛ یاداشتەکە تایبەتە بە پێدانی سکۆڵەرشیپ بە خوێندکارانی عێراق و هەرێمی کوردستان.
 
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق بەنیازە هەزار خوێندکار، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بە سکۆڵەرشیپ بنێرێتە دەرەوە.
 
سکۆڵەرشیپ واتە خوێندکار دەچێتە وڵاتێکی دیکە بۆ خوێندنی باڵا و هاوکاری دەکرێت تاوەکو خوێندنەکەی تەواو دەکات.
 
شاندێکی حکومەتی عێراق بۆ ئەم پرسە یاداشتی لەگەڵ پەیمانگەی بەیکەری ئەمریکی واژۆ کرد. د. حامد خەڵەف، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بە رووداوی گوت، شاندەکەیان بە زۆری سەرنجی لەسەر کەرتی وزەیە، کە جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوت لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیای نەوت و گاز لەگەڵیان کۆبوونەتەوە.
 
هەروەها گوتی، "من بەڕێوەبەری جێبەجێکارم لە کۆمیتەی خوێندی باڵا لە نووسینگەی سەرۆکوەزیران، ئامانجی سەردانەکەی من، واژۆکردنی یاداشتێکی هاوئاهەنگی بوو لەگەڵ زانکۆی رایس کە یەکێکە لە زانکۆ متمانەپێکراوەکانی جیهان، هەروەها لەگەڵ پەیمانگەی بەیکەر بۆ سیاسەتی وزە، مەبەستی واژۆکردنی ئەو لێکتێگەیشتنە ئەوەیە کە ئێمە بەشێک لە خوێندکارەکانمان بنێرین بەشێوەی سکۆڵەرشیپ لەو زانکۆیە و پەیمانگەی بەیکەر بخوێنن".
 
باسی لەوەش کرد، ئەم هەنگاوە بۆ ئەوەیە "تاوەکو خوێندکارەکانمان پڕ زانست بن بە دوایین تەکنەلۆجیا لە بواری وزە و بە گشتیش لەبارەی سیاسەتی نەوت و گاز، بۆیە لەگەڵ راگری کۆلێژی ئەندازیاری و زانست و تەکنەلۆجیا و سەرۆکی زانکۆکە گفتوگۆمان کردووە لەسەر پرسی ناردنی هەندێک لە خوێندکارەکانمان بەشێوەی سکۆڵەرشیپ تاوەکو لەم زانکۆ پلە بەرزە لەسەر ئاستی جیهان بخوێنن".
 
 
بە گوتەی د. حامد خەڵەف ئەم سکۆڵەرشیپە خوێندکارانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
 
ئەو راوێژکارەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ''سکۆڵەرشیپەکانمان لەژێر سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر پارێزگاکاندا دابەشدەکرێت، ئەمەش لەسەر بنچینەی ژمارەی دانیشتووان، بۆیەش هەر پارێزگایەک لەسەر چەند بنچینەیەک ئەو سکۆڵەرشیپانەیان بەردەکەوێت، واتە بەپێیی ئەو پێویستیانەی عێراق پێویستییەتی، وەک کەسانی ئەکادیمی یانیش ئەوانەی لە کەرتەکەدا کاردەکەن".
 
هەروەها گوتی، "ساڵی رابردوو 400 خوێندکارمان نارد تاوەکو بێن بخوێنن، لەنێویاندا خوێندکارانی هەرێمی کوردستانیش هەبوون، ئەم ساڵیش مەبەستمانە هەزار سکۆڵەرشیپ بدەین بەپێیی چەند بنچینەیەک بۆ هەموو پارێزگاکانی عێراق هەر لە بەسڕەوە تاوەکو دهۆک".
 
ئەو بەرپرسەی حکومەتی عێراق دەڵێت، هەڵبژاردنی خوێندکاران لەسەر بنچینەی "لێهاتوویی" هەڵدەبژێردرێت، "چەندین پێوەری جیاواز هەن کە لە سایتی لیژنەکەماندا بڵاوکراونەتەوە، وەک ئەوەی کامە خوێندکار مافی هەیە و دەتوانێت کێبڕکێیی وەرگرتنی بکات، لیژنەکەشمان بەهرەمەندترین خوێندکار هەڵدەبژێرێت تاوەکو بێن لە باشترین زانکۆکانی جیهان بخوێنن، زانکۆکانی ئەمریکاش پشکی شێری ئەو سکۆڵەرشیپانەیان لە ماوەی ئەو چوار ساڵەی داهاتوو دا بەردەکەوێت".