عێراق دەیەوێت ساڵى 2025 پشکنینى زۆرەملێ بۆ کەشتییەکانى رابگرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتى گواستنەوەى عێراق دەیەوێت لە ساڵى داهاتووەوە چیدی پشکنینی زۆرەملێ بۆ کەشتییەکانی نەکرێت، لەمەودواش ئاڵاى عێراقیان لەسەر هەڵبکاتەوە، کە ئێستا بە ئاڵاى ئوردنەوە بە ئاوەکاندا هاتووچۆ دەکەن.
 
ئەحمەد ئەسەدى، بەڕێوەبەرى گشتیى کۆمپانیاى گواستنەوەى دەریایی سەر بە وەزارەتى گواستنەوەى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، هەوڵى چڕیان دەستپێکردووە بۆئەوەى ساڵى داهاتوو کۆتایی بە پشکنینى زۆرەملێى گەشتیاریى سەر بەو وەزارەتە بهێندرێت، کەشتییەکانی لە بەندەرە جیهانییەکان تۆمار بکرێن و ئاڵای عێراقیان بەسەرەوە بێت.
 
بەهۆى ئەوەى عێراق لە رێکخراوى دەریاوانانى نێودەوڵەتى نەماوە، رێگەى پێنادرێت کەشتییەکانى بە ئاڵاى عێراقەوە لە دەریا جووڵە بکەن، بەڵکو ئاڵاى ئوردنیان پێوەیە.
 
ئەسەدى گوتی، "کۆمپانیاى گواستنەوەى دەریایی سەرجەم داواکارییەکانى رێکخراوى دەریاوانیی نێودەوڵەتیى پیادە کردووە، بەڵام ھێشتا کەشتییەکانمان بە بڕوانامەى ئوردنەوە کار دەکەن."
 
بڕیارە 21ى تشرینى دوومى ساڵى داهاتوو، دەستەى باڵاى عێراق بۆ دەریاوانی پێشوازى لە لیژنەى وردبینیى زۆرەملێى سەر بە رێکخراوی نێودەوڵەتیى دەریاوانى بکات بۆ تاوتوێکردنى ئەو سزایانەى لەسەر بەندەر و کەشتییەکانى عێراقە.
 
بەڕێوەبەرى گشتیى کۆمپانیاى گواستنەوەى دەریایی رایگەیاند، وەزارەتى گواستنەوە لە هەوڵى ئەوەدایە عێراق بخرێتەوە لیستى سپیى وڵاتانى ئەندامى رێکخراوى دەریاوانیى نێودەوڵەتى و لەو رێگەیەشەوە بەندەرەکانى عێراق دەتوانن پێشوازى لە کەشتیى زیاتر بکەن.