پزیشکیان لە بەسرە: ئێمە برای ئێوەین

 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، ''پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دۆستانە و برایانە دەبێت''؛ گوتیشی، پێویستە وەکو یەکێتیی ئەورووپا سەرجەم وڵاتانی ئیسلامی پێکەوە ببەسترێنەوە.
 
ئەمڕۆ هەینی، 13-09-2024، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە سێیەم رۆژی سەردانەکەیدا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، گەیشتە پارێزگای بەسرە و لەگەڵ بەرپرسانی خۆجێی پارێزگاکە کۆبووەوە.
 
پزیشکیان بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکومەتی خۆجێی، سەرۆکهۆزان و پەرلەمانتاران، لە سەنتەری رۆشنبیریی بەسرە گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند: ''دەبێ [موسڵمانان] دەست بخەینە نێو دەستی یەکدی و ناکۆکییەکان وەلا بنێین، هەروەها لەگەڵ دراوسێکانمان بە شێوەیەکی دۆستانە و برایانە هەڵسوکەوت بکەین''.
 
سەرۆککۆماری ئێران جەختی لە هاودەنگیی موسڵمانان کردەوە و گوتی: ''ئەگەر وڵاتانی ئیسلامی پێکەوە برایەتی بکەن، ئیسرائیل ناتوانێت موسڵمانان بکوژێت''.
 
پزیشکیان لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژەی بە شێوازی بەڕێوەبردنی یەکێتیی ئەورووپا کرد و گوتی: ''ئەورووپییەکان سەتان ساڵ پێکەوە شەڕیان کرد، بەڵام ئێستا رێککەوتوون و رێگەکانیان پێکەوە بەستووەتەوە و دراوی هاوبەشیان هەیە. بۆچی نابێ موسڵمانانیش بتوانن لە وڵاتانی ئیسلامیدا وەکو پاکستان و ئەفغانستان، سواری شەمەندەفەر بن و بچنە ئێران، نەجەف، کەربەلا، بەسرە، مەدینە یان مەککە؛ بۆچی نابێ ئێمە بتوانین کارێکی وا بکەین.''
 
پزیشکیان پێیوایە بەستنەوەی وڵاتانی ئیسلامی بە یەکدی دەبێتە هۆی ئەوەی کە بازرگانان، هونەرمەندان و مامۆستایانی ئایینیی، بە ئاسانی پێکەوە پەیوەندییان هەبێت و 'وڵاتانیش لە بواری ئابووری، هێزی گەنجان، بواری زانستی، کولتووری و هەموو بوارەکانی دیکەدا گەشە بکەن.
 
بەگوتەی سەرۆککۆماری ئێران: ''بەرژەوەندیی دوژمن لەوەدایە کە ئێمە پێکەوە ناکۆک بین و شەڕ بکەین. هەر پەیامێک، هەر دەنگێک کە دەبێتە هۆکاری ناکۆکیی موسڵمانان، پەیامێکی شەیتانییە.''
 
پزیشکیان بە دانیشتووانی بەسرەی گوت، ''ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی بڵێین کە برای ئێوەین، برایەتییەکەشمان بەپێی باوەڕ و کولتووری هاوبەشمانە، نەوەک تەنیا پێوەرەکانی دیپلۆماسی.''
 
سەرۆککۆماری ئێران باسی لە پڕۆژەی رێگەی ئاسنیی نێوان شەلەمچە-بەسرە کرد و گوتی: ''هەر گەڕامەوە بۆ ئێران، بە جددی کار و بەدواداچوون بۆ پڕۆژەکە دەکەم، بۆ ئەوەی زوو بخرێتە خزمەت خەڵکەوە؛ ئەوە هەنگاوی یەکەمە و هەر هەوڵێک ئێمە پێکەوە ببەستێتەوە، دەیگرینەبەر.
 
ئەو هێڵی ئاسنینە، پارێزگاکانی خوزستانی ئێران و بەسرە پێکەوە دەبەستێتەوە و یەکێکە لە پڕۆژەکانی گواستنەوەی کاڵا و هاتووچۆی گەشتیاران.
 
2ى ئەیلوولى 2023 بەردى بناخەى پڕۆژەکە بە ئامادەبوونى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسانى کۆمارى ئیسلامىی ئێران داندرا و درێژییەکەی 32 کیلۆمەترە.  
 
بەر لە سەردانەکەی بۆ بەسرە، بەیانیی دوێنێ پێنجشەممە سەرۆککۆماری ئێران دوای سەردانەکەی بۆ بەغدا، گەیشتە هەولێر و لەگەڵ هەریەک لە سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و دواتر لە سلێمانی سەردانی مەزارگەی مام جەلال تاڵەبانی کرد و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش کۆبووەوە.