ناسنامەى شەش سەرکردەى کوژراوى داعش لە ئەنبار بڵاوکرایەوە

13-09-2024
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

شانەى راگەیاندنى ئەمنیى عێراق  ناسنامەى شەش سەرکردەى داعش بڵاوکردەوە، کە کۆتایی مانگى ئابى رابردوو لە سنووری پارێزگای ئەنبار کوژران.
 
رۆژی 13ى ئەیلوولی 2024 شانەى راگەیاندنى ئەمنیى عێراق زانیارى نوێى لە بارەى ئەو هێرشانەوە بڵاوکردەوە کە 29ى ئاب لە ناوچەى حزێمى ئەنبار کە، کرانە سەر چەند مۆڵگەیەکى رێکخراوى داعش و بە هۆیەوە 14 چەکدارى ئەو گرووپە کوژران. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، 14 ئەندامی داعش لە بۆردوومانەکەدا کوژراون کە پێشتێنەى بۆمبڕێژکراویان بەستبوو و نارنجۆکیان پێبوو؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لەنێو کوژراوەکاندا چەند بەرپرسێکی رێکخراوە پەڕگیرەکە هەن. 
 
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، نزیکەی 3 بۆ 5 هەزار چەکداری داعش لە عێراق و سووریا هەن و بەشی زۆریان لە بیابانەکانی نێوەڕاستی سووریان.
 
ئەو شانەیە لە راگەیێندراوێکدا ناسنامەى شەش لەو داعشانەی بڵاوکردەوە کە لەو هێرشەدا کوژراون و بە سەرکردەى داعش ناوى بردوون،  لە دواى ئەوەى پشکنینى دى ئێن ئەى بۆ ئەو 14 چەکدارە کردووە کە لەو ئۆپەراسیۆنەدا کوژران و ناسنامەى ئەو شەش داعشە ئاشکرا بووە. 
 
داعشە کوژاوەکان بریتى بوون لە، ئەحمەد حامید ناسراو بە ئەبو سدیق یان موسلیم، جێگرى والی عێراق، عومەر بن سویح بە مەنسوڕ یان  ئەبو عەلى تونسی، بەرپرسی دروستکردن و پەرەپێدان و دۆسیەى کیمیایی داعش، سەعد محەممەد ناسڕ ناسراو بە ئەبو هەممام، والى ئەنبارى داعش، شاکر هەڕات نەجدى، بەرپرسی سەربازیى داعش لە ئەنبار، موعەممەر مەهدى ناسراو بە عەبد جنوب، یان ئەبو عەبدولڕەحمان، والی باشوورى داعش،  عەلى رەباح رەجا ناسراو بە وەقاس، بەرپرسى پەیوەندى و دۆسیەى ئابووری و دارایی ویلایەتى ئەنبار.
 
شانەى رایگەیاندنى ئەمنى ئاماژەى بەوەداوە لەو ھێرشەدا 10 پشتێینەى بۆمبڕێژکراو تەقێندراونەتەوە، حەوت ئۆتۆمبێل سووتێنراون، کە لەلایەن سەرکردەکانى داعشەوە بەکاردەهێندران.
 
 

 

 
 
  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە