دوای 21 ساڵ دەریاچەی بابل دەبووژێندرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

دەریاچەی شاری بابلی شوێنەواری دوای 21 ساڵ لە فەرامۆشکردن، جارێکی دیکە بووژاوەتەوە و ئاوی پێویستی بۆ گەڕاوەتەوە. ئێستا بووەتەوە ناوچەیەکی گەشتیاری، بۆ ئەوەی خەڵک رووی تێبکەن و کاتێکی خۆش بەسەر ببەن. 
 
عۆن عەبد زیاب، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق دەڵێت: "بڕێک  ئاو لە دەریاچەکە دەردەچێت و بڕێکی دیکەی بۆ دێتەوە، بە هەمان ئەنجام و شێوە ئاوەکە دەچێتەوە سەرچاوە. ئاوی ئەوتۆ لەدەست نادەین، بڕێکی کەمی دەبێتە هەڵم، ئەوەش کارناکاتە سەر دابەشکردنی ئاو. ئاوەکە دەچێتە دەریاچە و دەگەڕێتەوە  بۆ سەرچاوەکەی، بەم شێوەیە دێت و دەڕوات، دۆخەکە بەتەواوی لە ژێر کۆنترۆڵە".
 
دەریاچەی شاری بابلی شوێنەواریی دەکەوێتە پشت شانۆی بابلی، رووبەرەکەی 28 هەزار مەتر چوار گۆشەیە و دوو مەتر قوڵە، پێویستی بە 56 هەزار مەترسێجا ئاوە. ئێستا لە رێگەی رووباری حیللە، پڕ ئاو کراوە. 
 
دەریاچەکە لە دوای 2003وە جێهێڵدرابوو پڕبوو لە قامیش و زەل؛ بەڵام ئێستا نۆژەنکراوتەوە بۆ ئەوەی خەڵکی بابل هەناسەیەک بدەن، ببێتە شوێنێکی گەشتیاریی بەتایبەتی بۆ گەشتیارانی بیانی، کە سەردانی ناوچە شوێنەوارییەکان دەکەن. هەروەها ببێتە سەرچاوەیەکی داهات بۆ پارێزگاکە.
 
ئەحمەد بەدرانی، وەزیری رۆشنبیریی و گەشتوگوزار و شوێنەوار دەڵێت: "لە ساڵی 1980وە تاوەکو پێکهێانی حکومەتی بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی، دۆخی عێراق تایبەت بووە، جەنگ بۆ گەمارۆ بۆ داگیرکردن بۆ ئاشووب و تیرۆر، هەموو ئامانە فاکتەر بوون بۆگرنگی نەدان بە گەشتیاریی و بنیادنان و ئاوەدانی و سەقامگیری".
 
نۆژەنکردنەوەی دەریاچە لە یەکی حوزیرانی رابردوو دەستیپێکرد و رۆژی دووشەممەی رابردوو کرایەوە، لەگەڵ ئەوەش هێشتا کارکردن بەردەوامە بۆ دروستکردن و ئامادەکردنەوەی رێستوڕانت و بازاڕی دەرووبەری دەریاچەکە.