سیستمى وزەى خۆر بە قیست دەدرێتە هاووڵاتییانى عێراق

13-09-2024
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتى کارەباى عێراق داوایکردووە، دەستپێشخەرییەکى بانکى ناوەندیى کارا بکرێت بۆ ئەوەى سیستمى بەرهەمهێنانى کارەبا لە رێگەی وزەى خۆرەوە بە قیست بدرێتە هاووڵاتییان.
 
ئەحمەد موسا، گوتەبێژى وەزارەتى کارەباى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو پێشنیازەى وەزارەتەکەى لە دواى ئەوە بووە، بڕیاردراوە سیستمى وزەى خۆر بۆ خانووەکان لە عێراق دابندرێت، تاوەکو ئەو دەستپێشخەرییە کارا بکرێت کە پێشتر بانکى ناوەندیى عێراق لەو بارەیەوە کردوویەتى. 
 
رۆژی 5ى ئەیلوول، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکى تایبەتى کرد بۆ باشکردنى دۆخى کارەبا کە زیاد عەلى فازل، وەزیرى کارەبا و چەند بەرپرسێکى دیکەى ئەو کەرتە بەشدار بوون.
 
لە کۆبوونەوەکەدا پلانێک پەسند کرا بۆ ئەوەى سیستمى کارەبا لە رێگەى وزەى خۆرەوە بخرێتە نێو خانووەکان بە ئامانجى ئەوەى گوشار لەسەر تۆڕى نیشتمانیی کارەبا کەمبکرێتەوە.
 
ئەحمەد موسا رایگەیاند، ئەرکى وەزارەتى کارەبا لەو پڕۆژەیە دانانى تۆڕى کارەباى تایبەتە بەو سیستمە و بەستنەوەیەتی بە تۆڕى نیشتمانیی کارەباوە، بەڵام دابینکردنى سیستمى بەرهەمهێنانى کارەبا لەو رێگەیەوە بە کۆمپانیا متمانەپێکراوەکانى کەرتى تایبەت دەسپێردرێت. 
 
ئەو خزمەتگوزارییە هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە. 
 
ئەو دەستپێشخەرییەى بانکى ناوەندیى عێراق لە سێى کانوونى دووەمى 2022 بڕیارى لێدراوە، بۆ ئەوەى قەرزى بچووک بدرێتە هاووڵاتییان و دامەزراوەکان، بۆ ئەوەى سیستمى بەرهەمهێنانى کارەبا لە رێگەى وزەى نوێبووەوە دابنێن، وەک پابەندبوونێک بە رێکارە نێودەوڵەتییەکان بۆ رێگرى لە کاریگەرییەکانى گۆڕانى کەشوهەوا. 
 
ئێستا عێراق نزیکەى 20 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، لە کاتێکدا پێویستیان بە زیاتر لە 48 هەزار مێگاواتە. 
 
2ـی تەممووز دەستەى وەبەرهێنانى عێراق یەکەم مۆڵەتى وەبەرهێنانى دایە کۆمپانیاى تۆتاڵ ئینێرجیی فەرەنسى بۆ ئەوەى کارەبا لە رێگەى خۆرەوە بەرهەمبهێنێت کە لە کێڵگەى نەوتى ئەرتاوى بەسرە دەبێت و هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە