رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانى عێراق کار بۆ پەسندکردنى پڕۆژەیاسایەک دەکات بۆ گەڕاندنەوەى ئەو پارانەى بەهۆى گەندەڵییەوە براونەتە دەرەوە، بەشێوەیەک کە هەر مامەڵەیەک لە نیو ملیۆن دۆلار زیاتر بێت، لێکۆڵینەوەی و هەر هەژمارێکى بانکی زیاتر لە ملیۆنێک دۆلارى تێدابێت وردبینى تێدا دەکرێت. هەروەها لێکۆڵینەوە لە مامەڵەى دارایی ئەو بەرپرسە باڵایانە دەکرێت، کە لە 2004ەوە پۆستیان وەرگرتووە.
لیژنەى دەستپاکیى پەرلەمانى عێراق دوایین راپۆرتی خۆی لەبارەى پڕۆژەیاسای "گەڕاندنەوەى داهاتى گەندەڵى" ئامادە دەکات، بۆئەوەى خوێندنەوەى دووەمی بۆ بکرێت و دواتریش پەسند بکرێت.
رۆژی سێشەممە 13-08-2024 کەریم شوکر، جێگرى سەرۆکى لێژنەى دەستپاکى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "بڕیارە مانگی داهاتوو پرۆژەیاساکە لە پەرلەمان پەسند بکرێت."
بەگوێرەى پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەى داهاتى گەندەڵى، گەڕاندنەوەى ئەو پارە و موڵکانە لەئەستۆى دەستەى دەستپاکیى عێراقە بە هاوکاریى داواکارى گشتی و دادگاکان و چەند جۆرێک دەگرێتەوە، پارەى هەر تاوانێکى گەندەڵى یان پارەى نرخى هەر موڵکێک کە بەهۆی گەندەڵییەوە کڕدرابێت، ئەگەر پارەکە تێکەڵ بە پڕۆژەک کرابێت، ئەو بڕە پارەیە دەگەڕێندرێتەوە کە هاوبەشیی پێ کراوە.
یاساکە دەسەڵات بە دادگە تایبەتمەندەکان دەدات کە بەکاتى پارەى تۆمەتبارێک لە بانکەکان بلۆک بکات، یان دەست بەسەر موڵکەکەیدا بگرێت بۆ ماوەى 30 رۆژ و دەشتوانرێت ئەو موڵکانە بە تەواوى دەستیان بەسەردا بگیرێت کە بەهۆى پارەى گەندەڵییەوە کڕدراون.
یاساکە دامەزراوە داراییەکان لە عێراق ناچار دەکات بە سەرپەرشتى و چاودێریى بانکى ناوەندی، لێکۆڵینەوە لە ناسنامەى ئەو مامەڵەکارانە بکات، کە زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلار لە هەژماری بانکییاندا هەیە، وردبینییش لەو هەژمارە بانکییانە بکات کە پلە باڵاکان و ئەندامانى خێزانەکانیان و کەسە نزیکەکانیان دەیکەنەوە، ئەو هەنگاوەش بۆ ماوەى سێ ساڵ دواى بەجێهێشتنى پۆستەکانیان بەردەوام دەبێت.
ئەو پڕۆژەیاسایە لە 45 ماددە پێکهاتووە، لە ساڵى 2021ـەوە داڕێژراوە، بەڵام ساڵى 2023 لەلایەن حکومەتەوە نێردرا بۆ پەرلەمان.
دواى 30 رۆژ لە کارابوونى یاساکە، دەبێت دەستەى دەستپاکى لە ماوەی مانگێکدا لیستى ناوى خاوەن پلە باڵاکان و خێزان و کەسە نزیکەکانیان بداتە بانکى ناوەندى و ئەو بانکەش دەیداتە دامەزراوە داراییەکان بۆئەوەى وردبینیى تێدا بکرێت.
هەر مامەڵەیەک کە پارەکەى لە 500 هەزار دۆلار زیاتر بێت، پێویستە دامەزراوە داراییەکانى بانکى ناوەندى لێ ئاگادار بکرێتەوە، بۆئەوەى لە رێگەى دەستەى دەستپاکییەوە لێکۆڵینەوەى پێویستی لەبارەوە بکرێت.
جێگرى سەرۆکى لیژنەى دەستپاکیى پەرلەمانى عێراق گوتى، "پەسندکردنى ئەو پڕۆژە یاسایە گرنگە، چونکە گەڕاندنەوەى ئەو پارەنەى بەهۆى گەندەڵیەوە بەدەستهاتوون و براونەتە دەرەوە عێراق، پێویستى بەرێکارە بۆ گەڕاندنەوەى."
یەکێکى دیکە لە ماددەکانى پڕۆژەیاساکە ئەوەیە کە دەبێت سەرجەم مامەڵە داراییەکان و حەواڵە و قەرزە حکومیەکان کە لەلایەن پلە باڵاکانى پێشوو لەگەڵ خێزانەکانیان کراون لە یەکى کانوونى دووەمى 2004 ەوە بانکى ناوەندى لێ ئاگادار بکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ