رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری کەربەلا بەبۆنەی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکانی چلەی کوژرانی ئیمامی حوسێن، بۆ ماوەی هەفتەیەک پشووی راگەیاند. گوتەبێژی پارێزگای کەربەلاش پێشبینی دەکات 25 ملیۆن کەس سەردانی کەربەلا بکەن، کە هەشت ملیۆنیان لە دەرەوەی عێراقەوە دێن.
نسەیف جاسم خیتابی، پارێزگاری کەربەلا رایگەیاند، "بەهۆی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکانی تایبەت بە چلەی شەهیدبوونی ئیمامی حوسێن، لە پارێزگای کەربەلا بۆ ماوەی هەفتەیەک پشووی فەرمی دەبێت لە دامەزراوەکانی حکومەت، بەڵام پشووەکە فەرمانگەکانی ئەمنی و خزمەتگوزاری و تەندروستی ناگرێتەوە."
پشووەکە لە رۆژی 18ی ئابی 2024 دەستپێدەکات و تاوەکو 26ی مانگ بەردەوام دەبێت.
تەوفیق حەیالی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و گوتەبێژی پارێزگای کەربەلا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێشبینی دەکەین ئەم ساڵ لە ساڵی پار سەردانیکاری زیاتر سەردانی کەربەلا بکەن، واتە لە سەرووی 25 ملیۆن کەسەوە، کە 7 بۆ 8 ملیۆن کەسیان سەردانیکاری بیانین."
بەپێی ئەو ژمارانە بێت کە پێشبینی دەکرێت بۆ چلەی ئیمامی حوسێن ئەم ساڵ سەردانی کەربەلا بکەن، کە زیاتر لە 25 ملیۆن کەسە، ئەو ژمارەیە 13 جار زیاترە لەو ژمارەیەی ئەم ساڵ بۆ حەجکردن سەردانی سعودیەیان کردبوو.
بەپێی ئاماری فەرمیی سعودیە، لە وەرزی حەجی ئەم ساڵ، یەک ملیۆن و 833 هەزار کەس حەجیان کردبوو، لەو ژمارەیە ملیۆنێک و 611 هەزار کەسیان لە دەرەوەی سعودیەوە رۆیشتبوون.
عێراق بە وڵاتی مەزارە پیرۆزەکانی شیعەکان دەناسرێت و گۆڕی ئیمامی عەلی، ئیمامی حوسێن و ئیمامی عەباسی لێیە و ساڵانە ملیۆنان شیعە لە زیاتر لە 30 وڵاتەوە سەردانی مەزارگەی ئیمامەکانی شیعە لە عێراق دەکەن.
چلەی ئیمامی حوسێن لای شیعەکان بایەخی زۆری پێدەدرێت و ئەمساڵ دەکەوێتە 25ـی ئاب و لە ئێستاوە بەشێک لە شیعەکان بۆ رۆیشتن بەرەو کەربەلا بەپێ لە بەسرە و پارێزگاکانی دیکەی باشوورەوە دەستیان بە گەشتەکەیان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ