بۆ چلەی ئیمام حوسێن عێراق بێ بەرامبەر ڤیزا دەداتە ئەفغانییەکان
رووداو دیجیتاڵ
عێراق دەسەڵاتی پێدانی ڤیزای بێ بەرامبەر بۆ هاووڵاتییانی ئەفغانستان دەداتە باڵیۆز و سەرۆکی نێردەکانی عێراق و کۆنسوڵەکانی لە هەریەک لە ئێران و پاکستان، سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی عێراقیش دەڵێت، "ئەو بڕیارە دەرگا بۆ هاتنی کرێکاری زیاتری بێمۆڵەت دەکاتەوە."
وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە فەرمانێکی وەزاری کە 8ی ئەم مانگە دەریکردووە، دەسەڵاتی پێدانی ڤیزای بێ بەرامبەری داوەتە سەرۆکی نێردە دیبلۆماسییەکان و کۆنسوڵەکانی عێراق لە ئێران و پاکستان بەو کەسانەی هەڵگری وڵاتینامەی ئەفغانستانن، ئەوانەی دەیانەوێت بۆ بەشداریکردن لە چلەی ئیمام حوسێندا سەردانی عێراق بکەن.
بڕیارەکە لە 8ی ئاب تاوەکو 19ی ئاب کاری پێدەکرێت.
بەشێک لەو بیانیانەی بە ناوی سەردانی مەزاری ئیمامی شیعەکان دێنە عێراق، ناگەڕێنەوە. وەلید نیعمە، سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو بڕیارە وا دەکات کرێکاری زیاتری بیانی بێنە عێراق و نەگەڕێنەوە، ئەوەش کارەساتەکەمان لێ گەورەتر دەکات، چونکە بەشێک لەوانەی بەناوی سەردانیکردنی مەزارەکان دێنە عێراق بۆ وڵاتەکانی خۆیان ناگەڕێنەوە و لە عێراق دەست بە کار دەکەن و مۆڵەتی کارکردنیشیان نییە."
بە گوتەی سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی عێراق، ژمارەی کرێکارانی بیانی لە عێراق 2 ملیۆن و 500 هەزار کەسی تێپەڕاندووە و 70٪یان بێ مۆڵەت کار دەکەن. دەشڵێت، "ئەمساڵیش بەناوی زیارەتەوە بۆ چلەی ئیمامی حوسێن هەزارانی دیکە دێنە عێراق."
چلەی ئیمامی حوسێن لای شیعەکان بایەخی زۆری پێدەدرێت و ئەمساڵ دەکەوێتە 25ـی ئاب و لە ئێستاوە بەشێک لە شیعەکان پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە بە پێ بەرەو کەربەلا بەڕێکەوتوون.
بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هاتنی کرێکاری بیانیی بێمۆڵەت لیژنەیەک لە وەزارەتەکانی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ئاسایشی نیشتمانی و دەزگای هەواڵگری، سەندیکای کرێکاران پێکهێنراوە.
بەپێی ئاماری سەندیکای کرێکاران تەنیا ئەمساڵ زیاتر لە 15 هەزار کرێکاری بیانیی بێ مۆڵەت لە عێراق دەرکراون.
ئەو لیژنەیەی حکومەتی عێراق بۆ بابەتی کرێکاری بیانی پێکیهێناوە هەفتەی رابردوو یەکەم کۆبوونەوەی خۆی کرد. چلەی کوژرانی ئیمامی حوسێن 25ـی ئەم مانگەیە و هاتنی کرێکارانی بیانی بەو پاساوەش لەو کۆبوونەوەیەدا باسکرا.
رۆژی 25ی تەممووز، هەواڵێک لەسەر زاری شودری حوسێن، وەزیری کاروباری ئایینیی پاکستانەوە بڵاوبووەوە کە گوایە لە یەکێک لە کۆبوونەوەکانی لیژنەیەک لە ئەنجوومەنی پیرانی پاکستان گوتوویەتی، لە مانگی موحەڕەمی کۆچییدا 50 هەزار پاکستانی چوونەتە عێراق و نەگەڕاونەتەوە، بەڵام دواتر لە لێدوانەکەی پاشگەز بووەوە.
بەپێی بڕیاری حکومەتی عێراق، لە رۆژی 1ی ئەیلوولەوە هەر کرێکارێکی بیانی بێ مۆڵەت کار بکات، رۆژانە 20 هەزار دینار پێبژاردنی بۆ دەکرێت.