لە بەغدا دەیان پارچە زەویی نیشتەجێبوونی ساختە کڕین و فرۆشتنیان پێوە کراوە

 
رووداو - بەغدا

دەیان پارچە زەویی نیشتەجێبوونی ساختە لە بەغدا کڕین و فرۆشتنیان پێوە کراوە. کڕیارێک دەڵێت، "گرووپێکی مافیا ئەو کارە بە هاوکاریی فەرمانبەرانی فەرمانگەی تۆماری خانووبەرە دەکەن."
 
باوکی عەلی کە کڕیاری زەوییە، هەموو ئەو بەڵگەنامە فەرمییانەی پیشان رووداو دا، کە چۆن بە رێگەی یاسایی زەوییەکی 100 مەترییان لە ناوچەی غەزالییەی بەغدا کڕیوە، بۆ دروستکردنی خانوویەک لەسەر زەوییەکە، هەروەها 100 مووچەیان وەکو قەرزی پێشینەی خانوو لە فەرمانگەکەیان وەرگرت، بەر لە تەواوبوونی خانوو، شۆک بوون کاتێک پێیان راگەیێندرا کە زەوییەکەیان ساختەیە.
 
باوکی عەلی، کڕیاری زەوی دەڵێت، "ساختەکردنەکە لە رێگەی گرووپێکی مافیای شارەزا و بە هاوکاریی فەرمانبەرانی فەرمانگەی تۆماری خانوبەرەی کەرخی 2 بووە."
 
دایکی عەلی، کڕیاری زەوی ئاماژەی بەوە کرد، "کە مۆڵەتی دروستکردنی خانوومان دەرهێنا، مامەڵەی وەرگرتنی قەرزی پێشینەی خانوومان کرد، کە چووین پێیان گووتین موڵکەکە ساختەیە."
 
تەنها لە تۆماری خانووبەری بەغدا، بەشی کەرخی دوو، 120 پارچە زەویی نیشتەجێبوونی ساختە ئاشکرا بووە کە کڕین و فرۆشتنیان پێوە کراوە.
 
بەشێک لە خەڵک بۆئەوەی لە کرێچێتی رزگاریان ببێت، زەوییان کڕیوە و هەیکەلەیان لەسەر دروستکردووە، بەڵام ئێستا نە دەتوانن تێیدا نیشتەجێ ببن و نە لە کرێچێتیش رزگاریان بووە، چونکە دەرکەوتووە زەوییەکەیان ساختە کراوە.
 
ساختەکردن لە بەغدا هێندە زۆر بووە، ئێستا رۆژانە لە تۆماری خانووبەرەی بەغدا چەندین کەس دەچن و سکاڵا تۆمار دەکەن، بەوەی ئەو موڵکەی کڕیویانە دروست نەبووە.
 
کێشەی کڕین و فرۆشتنی زەویی ساختە لە بەغدا لە هەڵکشاندایە. خالید مستەفا، خاوەن کێشە دەڵێت، "سەبارەت بە خۆم 350 ملیۆن دینارم خەرج کردووە، تائێستاش خەرجی دەکەم، هیچ تاپۆیەکیشم لە دەوڵەت نییە."
 
محەممەد عەبدوڵڵا، کاسب دەڵێت، "50 مەتر زەویم بە نزیکەی 90 ملیۆن دینار کڕیوە، دوای ساڵێک پێیان گووتین، وەرن سکاڵا تۆمار بکەن. واتە سکاڵا لەسەر دەوڵەت تۆمار بکەین، چونکە فەرمانبەرانی ئەوان ساختەکارییان کردبوو، ئەمە کێشەیەکی گەورەیە، نازانم لە کێی بکڕین؟! من بە قازییەکەشم گوت: بەڕێز قازی، ئیتر ئێمە لە کێ بکڕین؟ ئەگەر لە دەوڵەت بکڕین و ساختە دەربچێت؟!"
 
رەشا مەجید، هاووڵاتی داوا لە سەرۆکوەزیران دەکات "بەزووترین کات بێتە سەر هێڵ، چونکە ئێمە سەر شەقام کەوتووین، تەنها ئەمە دەڵێین."
 
وەزارەتی ناوخۆی عێراق گرووپێکی 8 کەسیی دەستگیر کردووە کە کاری ساختەکردنی زەوییان کردووە، بە هاوکاریی ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی تۆماری خانووبەرەی بەغدا لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.