نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ رووداو: ئەم ساڵ هەزار قوتابخانە نۆژەن دەکەینەوە

رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی عێراق لە رێگەی تیمی پەیوەندیی حکومییەوە لیژنەیەکی تایبەتی بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان پێکهێناوە. جێگری سەرۆکی تیمەکە دەڵێت، بە گوژمەی سێ ملیار دینار نزیکەی هەزار قوتابخانە لە سەرجەم پارێزگاکان نۆژەن دەکەنەوە.
 
رۆژی دووشەممە، 12ـی ئابی 2024، عەدنان عەرەبی، جێگری سەرۆکی تیمی پەیوەندیی حکومی سەر بە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای رەزامەندی بانکی ناوەندیی عێراق بە تەرخانکردنی بڕی سێ ملیار دینار، لیژنەیەکی دارایی و تەکنیکی لە نووسینگەی سەرۆکوەزیران بە هاوئاهەنگیی وەزارەتی پەروەردە پێکهێندرا بۆ نۆژەنکردنەوەی نزیکەی هەزار قوتابخانە لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق".
 
عەدنان عەرەبی کە خۆی سەرۆکایەتیی لیژنەی نۆژەنکردنەوەکە دەکات، دەڵێت، "رۆژی 11ـی ئاب بە هاوئاهەنگیی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پارێزگاکان، ئەو قوتابخانانە دیاریکران کە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە؛ بۆ هەر قوتابخانەیەکیش نزیکەی 7 ملیۆن دینار دیاریکراوە، بەڵام دەکرێت ئەو بڕە بە گوێرەی پێویستیی قوتابخانەکان بگۆڕدرێت". 
 
عەدنان عەرەبی ئاماژەی بەوەشکرد، "تیمەکانمان هەوڵ دەدەن نۆژەنکردنەوەی هەر قوتابخانەیەک لە 3 رۆژ زیاتر نەخایێنێت بۆ ئەوەی لە کەمترین ماوەدا سەرجەم قوتابخانە دیاریکراوەکان نۆژەن بکرێنەوە". 
 
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، جێگری سەرۆکی تیمی پەیوەندیی حکومی سەر بە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، "تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکمان بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئەم پڕۆسەیەدا بەدەستنەگەیشتووە، بەڵام دوورنییە لە داهاتوودا لەگەڵ فەرمانگەکانی هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگیمان هەبێت و هەمان پڕۆسە لەوێ دەست پێبکەین."
 
بە گوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی پەروەردەی عێراق، زیاتر لە 26 هەزار قوتابخانەی حکومی لە عێراقدا هەن.