رووداو دیجیتاڵ
لە 18 پارێزگاکەی عێراق و هەرێمی کوردستان 12یان بەتەواوەتی ژینگەیان "ناتەندروستە" و 6یان لەنێویاندا پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان "ژینگەیان خراپە."
رێکخراوی گەشەپێدان و بەرەوپێشبردنی ژینگەی عێراق رایگەیاند: "رۆژی دووشەممە، 12ـی ئاب، دیسانەوە ئاستی پیسبوونی هەوای پارێزگاکانی عێراق بەرزبووەوە، پارێزگای ئەنبار لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق زۆرترین پیسبوونی ژینگەی تۆمارکردووە، دوای ئەویش پارێزگاکانی دیالە و کەربەلا و پاشان بەغدا دێت."
بەپێی وێبسایتی (Accuweather) کە تایبەتە بە چاودێری و پێوانەکردنی ئاستی هەوا و پیسبوونی ژینگە، ئاستی پیسبوونی هەوا، لە شارەکانی هەولێر، موسڵ، تکریت، دهۆک، سلێمانی ئاستی پیسبوونی هەوا تێیاندا خراپە، پلەی پیسبوونیشی بەدوای یەکدا بەمشێوەیە: 74، 76، 85، 90، 94، 95.
"شارەکانی بەسرە، ناسریە، سەماوە، عەممارە، کوت، دیوانییە و نەجەف ئاستی پیسبوونی هەوایان زۆرە و ناتەندروستە، بەدوای یەکدا ئەم پلانەیان لە پیسبووندا تۆمارکردووە: 107، 116، 120، 123، 133، 137، 149." بەپێی وێبسایتەکە
ئەو داتایانەی لە وێبسایتەکە لەبارەی شارەکانی بابل، بەغدا، کەربەلا، دیالە و رومادی بڵاوکراوەتەوە تێیدا هاتووە کە هەوایان "تەواو ناتەندروستە" و بەدوای یەکدا ئەم ژمارانەیان لە پیسبوون تۆمارکردووە: 152، 155، 156، 158، 160.
ئەندازیار ئامالەدین مەجید، سەرۆکی رێکخراوی گەشەپێدان و بەرەوپێشبردنی ژینگەی عێراق، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەپێی ئەو پێوەرانە بێت بەشێکی شار و پارێزگاکانی عێراق بۆ ژیان نەگونجاون و ناکرێت خەڵکیان تێدا بژیێت، واتە ئەوانەی پیسبوونی هەوایان لە 100 پلە و زیاترە بۆ ژیان ناگونجێن."
ئەو ئەندازیارە دەڵێت: "بڕینەوەی دار، کەمبوونەوەی رێژەی سەوزایی، زۆریی دووکەڵ و دەردانی گازی ژەهراوی، زۆربوونی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە هۆکارەکانی پیسبوونی هەوای ناوچەکانن لە عێراق." گوتیشی: "بەداخەوە بەهۆی وەبەرهێنان و چاوچنۆکیی هەندێک وەبەرهێنەوە تادێت ژمارەی دارەکان لە کەمبوونەوەدان، جگە لەوەی بایەخی پێویست بە ژینگە نادرێت."
کۆبوونەوەی گەردیلە ژەهراوییەکانی وەکو دوانۆکسیدی گۆگرد لە بەرگەهەوادا بەشدارە لە پیسبوونی هەوای شارەکان و کێشە بۆ خوێنبەرەکانی دڵ دروست دەکات و کێشەی تەنگەنەفەسیش دروست دەکات.
لە ماوەی چوار دەیەی رابردوودا، حکومەتەکان لە سەرانسەری جیهان رێسای تووندتریان بۆ کەمکردنەوەی ئاستی گۆگرد و پێکهاتە ژەهراوییەکانی دیکە لە بەرهەمە نەوتییەکان دەرکردووە.
زۆربوونی ئۆتۆمبێل و سووتاندنی زۆری سووتەمەنی یەکێکە لە هۆکارەکانی پیسبوونی هەوا، بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی، ئاستی گۆگرد لە ناو دیزڵ نابێت لە 50 PPM زیاتر بێت، واتە لە هەر ملیۆن تەنۆلکەی دیزڵ، نابێت لە 50 زیاتریان گۆگرد بن. بەڵام ستانداردە عێراقییەکان پێشنیاز دەکەن ئاستی گۆگرد لە ناو دیزڵ دەبێت کەمتر لە 8،000 PPM بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ