هەوڵەکانی پارێزگاری نەینەوا بۆ کۆکردنەوەی هەردوو لایەنەکەی ئەنجوومەن بێ ئەنجامە

رووداو دیجیتاڵ 

تائێستا هەوڵەکانی پارێزگاری نەینەوا بۆ کۆکردنەوەی هەردوو لایەنەکەی نێو ئەنجوومەنی پارێزگاکە بێ ئەنجامە. ئەندامێکی ئەنجوومەنەکە هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، کە هەردوولا رژدن لەسەر داواکارییەکانیان و ئامادەنین دەستبەرداری بن.
 
رۆژی دووشەممە، 12-08-2024، ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەک بۆ کۆبوونەوەی هەردوو فراکسیۆنەکە نییە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیانی نێوان، بەڵام پارێزگاری نەینەوا لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ لێک نزیکردنەوە و کۆکردنەوەیان لەسەر مێزی گفتوگۆ".
 
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەسەر دوو بەرەدا دابەشبووە. بەرەی یەکەم بریتییە لە فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو کە لە بەشێکی سوننەکان و پارتی پێکهاتووە و دوای گۆڕانکارییەکان دانیشتنەکانی ئەنجوومەنیان هەڵپەسارد. بەرەی دووەم بریتییە لە فراکسیۆنی نەینەوای داهاتوو کە 16 کورسی هەیە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بەشێکە لێی.
 
دووبەردانی دەڵێ: "هەردوولا رژدن لەسەر هەڵوێست و داواکارییەکانیان، ئامادەنین سازش بکەن.  ئێمە داوادەکەین بڕیارەی دوورخستنەوە و دامەزراندنی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان هەڵبوەشێتەوە، لایەنی بەرامبەریش رژدە لەسەر جێبەجێکردنیان."
 
هەر لەوبارەوە، محەممەد جاسم کاکەیی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا هەوڵەکان بێ ئەنجامن، هیچ وادەیەکی کۆبوونەوەکە دیاری نەکراوە". هەروەها گوتیشی"ئێمە رژدین لەسەر ئەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لەبارەی گۆڕانکاری پۆستەکانی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان جێبەجێ بکرێن، چونکە یاسایی و دەستووریین".
 
عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا، رۆژی 04-08-2024 سەبارەت گۆڕانکارییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "هەوڵ هەیە بەم نزیکانە لایەنەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆببنەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان."
 
پارێزگاری نەینەوا گوتی، "لێکتێگەیشتن لە هەموو ئاستەکان هەیە بۆ ئەوەی لە 10 رۆژی داهاتوودا لایەنەکان کۆببنەوە و گفتوگۆکانیش بەردەوامن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان". 
   
بێ بەشداریی فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو، رۆژی 02-07-2024 ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گۆڕانکاری لە ژمارەیەک پۆستی کارگێڕی کرد.
 
گۆڕانکارییەکانی بەم شێوەیە بوون:
 
- قایمقامی قەزای شنگال
- قایمقامی قەزای حەزەر
- قایمقامی قەزای مەخموور
- قایمقامی قەزای حەمدانییە
- قایمقامی قەزای تلێکف
- قایمقامی قەزای تەلەعفەر
- قایمقامی قەزای بەعاج
 
- بەڕێوەبەری ناحیەی شۆرە
- بەڕێوەبەری ناحیەی باشیک
- بەڕێوەبەری ناحیەی نەمروود
- بەڕێوەبەری ناحیەی قەراج
- بەڕێوەبەری ناحیەی گەیارە
- بەڕێوەبەری ناحیەی تەل
- بەڕێوەبەری ناحیەی بەرتەلـلە
- بەڕێوەبەری ناحیەی سنوونێ
- بەڕێوەبەری ناحیەی عیازییە
- بەڕێوەبەری ناحیەی زوممار
- بەڕێوەبەری ناحیەی وانکێ
- بەڕێوەبەری ناحیەی حەمام عەلیل