ئەمریکا بۆ رووداو: ئەرکی حکومەتی عێراقە گرووپە خراپەکارەکان رووبەڕووی بەرپرسیارێتی بکاتەوە

دوێنێ کاژێر 09:55
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، ئەرکی حکومەتی عێراقە گرووپە خراپەکارییە بەوەکالەتەکان رووبەڕووی بەرپرسیارێتی بکاتەوە؛ ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمریکا دوودڵ نابێت لەوەی ئەوانەی زیان بە سەربازەکانی دەگەیێنن، رووبەڕووی بەرپرسیارێتییان بکاتەوە. 
 
رۆژی سێشەممە، 13ـی ئابی 2024، ڤێدانت پاتێڵ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن راگەیاند، "بەدڵنیاییەوە بەردەوام دەبین لەو بڕوایەی کە حکومەتی عێراق هاوبەشێکی گرنگە لە ناوچەکەدا."
 
پاتێڵ باسی لە رۆڵی حکومەتی عێراق لەبەرامبەر ئەو گرووپانە کرد کە هێرش دەکەنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و گوتی، "رۆڵێکی هەیە بیگڕێت. ئەو رۆڵەش ئەوەیە کە بەشێک لە گرووپە خراپەکارە بەوەکالەتەکان رووبەڕووی بەرپرسیارێتی بکاتەوە."
 
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باسی لە هەڵوێستی حکومەتی وڵاتەکەی لەبارەی هێرشەکانی سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا کرد و گوتی، "کاتێک کە دێتە سەر باسی ویلایەتە یەکگرتووەکان، بەدڵنیاییەوە دوودڵ نابین لە گرتنەبەری کاری پێویست بۆئەوەی ئەوانەی زیان بە سەربازەکانمان دەگەیێنن رووبەڕووی بەرپرسیارێتیان بکەینەوە."
 
ئەم گوتەیە لە کاتێکدایە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دوێنێ دووشەممە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، ئەنتۆنی بلینکن بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی کردووە.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی عێراق هاوڕابوون لە بەردەوامبوون لە راوێژکردن لەگەڵ یەکدی لەبارەی کێشەکانی ناوچەکە، هەروەها برەودان بە پەیوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و عێراق.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەى رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا ویستى حکومەتی وڵاتەکەى دەربڕیوە بۆ ئەوەى عێراق رۆڵى هەبێت لە راگرتنى دۆخى ناوچەکە و رێگرى لە روودانى ئاڵۆزیی زیاتر لە هەموو لایەنەکانەوە.
 
لە بەرامبەردا، سوودانى جەختى کردووەتەوە، رێگرى لە ئاڵۆزبوونى دۆخى ناوچەکە بەندە بە راگرتنى هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتى غەززە و رێگرى لە فراوانبوونى بۆ لوبنان و هێرشى ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتانى ناوچەکە.
 
ئەوە لەکاتێکدایە، شەوی دووشەممە، 05-08-2024 و بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، دووجار لە رێگەی درۆن و مووشەکەوە هێرشکرایە سەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد، لە نزیک شارۆچکەی بەغدادی لە پارێزگای ئەنبار. 
 
دوو رۆژ دواتر بەرپرسێکی پێنتاگۆن بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتنی گوت "بە دوو مووشەک بنکەی عەین ئەسەد لە عێراق کرایە ئامانج، حەوت ئەمریکی بریندار بوون، کە تەندروستیی هەموویان جێگیرە."
 
رۆژی هەشتی ئەم مانگەش، شانەی راگەیاندی ئەمنی عێراق دەستگیرکردنی پێنج کەسی بەتۆمەتی بەشداربوون لە هێرشەکەی سەر عەین ئەسەد راگەیاند.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە