رووداو - بەغدا
"رۆژی پێنجشەممە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت،" ئەمە قسەی وەزیری دارایی عێراق بووە بۆ ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمان.
لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە 21ی مانگی رابردووەوە رەوانەی بەغدا کراوە، کەچی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق پێی گوتوون، لیستی وەزارەتە مەدەنییەکان تەواو بووە، بەڵام وردبینی لە لیستی هێزە ئەمنییەکان ماوە و بۆ هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانیش کێشەیان هەیە.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، "ئەو پرسیارەشمان کرد کە کەی مووچەکانیان هاوتا دەکرێت؟ گوتی: ئێمە دوو کێشەمان لەم بابەتە هەیە؛ یەکەم، حکومەتی ئێوە دان بە یاسای ئێمەدا نانێت و بە یاسای خۆی کار دەکات، دەبێت یاسای خۆتان رەتبکەنەوە و بە یاسای ئێمە کار بکرێت، ئەمە لەڕووی یاساییەوە. لە لایەکی دیکەوە گوتی، دەبێت وردەکاریی خانەنشینان بۆ ئێمە بنێردرێت، ئەمانە کێن؟ چۆن خانەنشین کراون و لەسەر چی خانەنشین کراون؟ ئەگەر ئەم دووانە بکرێن، ئێمەش هەنگاوی سێیەم دەنێین و بڕیاری دادگای فیدڕالی جێبەجێ دەبێت."
وەزیرێکی پێشووی حکومەتی عێراق، کە ئێستا پەرلەمانتارە، لاوازیی کابینەی ئێستا بە هۆکاری جێبەجێنەکردنی بڕیارەکان و بەردەوامیی ناکۆکیی نێوان هەولێر و بەغدا دەزانێت.
عامر عەبدولجەبار، پەرلەمانتاری عێراق دەڵێت، "ئەم حکومەتە، حکومەتی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتە، هاوپەیمانێتییەکە گەورەیە لەڕووی پێکهاتەوە و لاوازە لەڕووی دەستکەوت و بڕیارەکانی، بۆیە ناکۆکیی بەردەوام لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە."
لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دارایی، پلاندانان، نەوت، کارەبا و پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، وەزیری دارایی عێراق بە پەرلەمانتارانی کوردی راگەیاندووە، "ناتوانین مامۆستایانی گرێبەستی هەرێمی کوردستان دابمەزرێنین،" وەزیری نەوتی عێراقیش رەتی کردووەتەوە بەم گرێبەستانەی ئێستا، دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ