ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لەبارەی دامەزراندنی 7500 کەس میوانداریی پارێزگار دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە نزیکەی 7500 کەس لە دیالە دابمەزرێن، بەڵام پڕۆسەکە گرفتی تێکەوتووە، هەربۆیە ئەنجوومەنی پارێزگاکە لەسەر ئەو پرسە میوانداریی پارێزگار دەکات.
جەدعان تورکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، ئەمڕۆ سێشەممە 13-08-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "7 هەزار و 484 کەس لە پارێزگای دیالە بە گرێبەست بۆ ماوەی سێ ساڵ بە مووچەی مانگانەی 300 هەزار دینار دادەمەزرێن. دامەزراندنەکە هەموو قەزا و ناحییەکانی پارێزگاکە دەگرێتەوە."
بەشێکی پارێزگای دیالە کوردستانییە، لەوانەش خانەقین. کورد لە ئەنجوومەنی پارێزگاکە یەک نوێنەری هەیە، ئەویش عەرەبە و سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە. ئەنجوومەنەکە لە 15 ئەندام پێکهاتووە.
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە گوتی، "پێشتر دەرگای پێشکێشکردن کراوەتەوە و نزیکەی 115 هەزار کەس داواکاریان پێشکێشکردووە، بەڵام کارەکە دوور لە دەسەڵاتی چاودێری کراوە، چونکە ئەنجوومەن نەبووە. سەرنج و تێبینی زۆر لەسەر میکانیزمەکەی هەیە. ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاریدا لێکۆڵینەوە و وردبینی زیاتر لەبارەیەوە بکات."
جەدعان تورکی رایگەیاند، "دوو بۆچوون لەنێو ئەنجوومەن لە کۆبوونەوەکەدا هەبوون. بەشێکیان لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی ئەو پێشکێشکردنە و سەر لەنوێ کردنەوەی دەرگای پێشکێشکردنی داواکاریی دامەزراندن بوون. بۆچوونی دووەمیش لەگەڵ وردبینی و لێکۆڵێنەوە بوو لە پڕۆسەکە."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەن گوتیشی، بۆ روونکردنەوە و بەرچاو روونی زیاتر، ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بڕیاریدا هەفتەی داهاتوو میوانداری عەدنان شەمەرى، پارێزگاری نوێی دیالە بکات و دواتریش بڕیاری پێویست لەوبارەیەوە دەدات.