رووداو دیجیتاڵ
چوارچێوەی هاوئاهەنگی بڕیاری دا دوایین مۆڵەت بداتە سوننە بۆ یەکلاییکردنەوەی بەربژێریان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و دوای چلەی کوژرانی ئیمامی حوسێن ئەو پرسە چارەسەر بکات، ئەو بەربژێرە نوێیەش رەتدەکاتەوە کە محەممەد حەلبووسی پێشکێشی کردبوو.
رۆژی سێشەممە 13-08-2024 د.سەلام زوبەیدی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر، کە حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق سەرۆکایەتی دەکات بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەی دوێنێی ماڵی حەیدەر عەبادی، بڕیاردرا بە دەستوور و دەقەکانی یاسا لەبارەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانەوە پابەندبن و دەرگە بۆ بەربژێری نوێ نەکرێتەوە و بەردەوامی بە کۆبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان بدرێت."
گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر گوتی: "بڕیارە دوای چلەی ئیمامی حوسێن پەرلەمان کۆببێتەوە و بابەتی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان یەکلایی بکاتەوە."
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداوی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی هاوپەیمانیی تەقەدووم زیاد جەنابیی وەکو بەربژێری نوێ بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دەستنیشانکردووە، بەڵام ئەو 54 واژۆیەی پەرلەمانتارانی سوننەی لەگەڵدا هاوپێچ نەکردووە وەک ئەوەی پێشتر بە چوارچێوەی راگەیاندبوو، بۆیە رەتکراوەتەوە.
زیاد جەنابی، ئەندامی پەرلەمانی عێراقە و یەکێکە لە سەرکردەکانی هاوپەیمانیی تەقەدووم، لە دوای کشانەوەی شەعلان کرەیم لە کێبڕکێی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانەوە، وەکو بەربژێری جێگرەوەی کرەیم ناوی دەهێنرا.
9 مانگ دەبێت، پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق چۆڵە، رۆژی 30ـی مانگی رابردوو، چوارچێوەی هاوئاهەنگیی مۆڵەتی هەفتەیەکی بە لایەنە سوننەکان دا لەسەر یەک بەربژێر رێکبکەون، بەڵام رێکنەکەوتن، رۆژی 6ی ئەم مانگەش دەستپێشخەرییەکی خۆی پێ راگەیاندن، بەڵام هەر نەگەیشتنە چارەسەر.
دەستپێشخەرییەکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بریتییە لەوەی:
1- هاوپەیمانیی عەزم دەستبەرداری پۆستی وەزیری پەروەردە بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بێت، یان بە پێچەوانەوە.
2- هاوپەیمانیی عەزم ژمارەیەک ناو پێشنیاز بکات، هاوپەیمانیی تەقەدوومیش یەکێکیان هەڵبژێرێت، یان هاوپەیمانیی تەقەدووم ژمارەیەک ناو بەربژێر بکات و هاوپەیمانیی عەزم یەکێکیان هەڵبژێرێت.
3- هەردوو هاوپەیمانێتییەکە بەربژێری خۆیان پێشکێش بکەن.
بەڵام رۆژی 6ـی ئەم مانگە هاوپەیمانیی سیادە و عەزم و پەرلەمانتاری سوننە لە فراکسیۆنەکانی عەقد و سەربەخۆکان ناوەکانی پێشوویان وەکو بەربژێر هێشتەوە.
لە 14ـی تشرینى دووەمی 2023وە پۆستى سەرۆکى پەرلەمان چۆڵە، ئەویش بەهۆى بڕیارێکى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق بە لێسەندنەوەى ئەندامێتى لە محەممەد حەلبووسی، کە سەرۆکى پەرلەمان بوو.
دوو جار پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکەکەى کۆبووەتەوە، لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا لە گەڕى دووەمى دەنگداندا دانیشتنەکە هەڵگیراوە. دوایین کۆبوونەوەى پەرلەمان بۆ ئەو پرسە لە 18ی ئایار بوو، رکابەرییەکە لە قۆناخى دووەمدا لەنێوان مەحموود مەشهەدانی و سالم عیساوى راگیرا.
سالم عیساوى، بەربژێرى هاوپەیمانیى سەروەرییە و مەحموود مەشهەدانى بەربژێرى هاوپەیمانیى تەقەدوومە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ