لە حەوت پارێزگای عێراق گەرما 51 پلەی سیلیزی دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق دەڵێت، ئەمڕۆ و سبەی پلەی گەرما لە حەوت پارێزگای عێراق 51 پلەی سیلیزی دەبێت و لە شەش پارێزگای دیکەش 50 پلە دەبێت.
بەپێی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، رۆژی یەکشەممە 13-8-2023، پلەی گەرما لە حەوت پارێزگای عێراق دەگاتە 51 پلەی سیلیزی کە پارێزگاکانی "سەڵاحەدین، زیقار، موسەننا، میسان، دیوانییە، نەجەف و کەربەلا"ـن.
لە شەش پارێزگای دیکەش لە عێراق و هەرێمی کوردستان، پلەی گەرما دەگاتە 50 پلەی سیلیزی، ئەوانیش پارێزگاکانی "ئەنبار، دیالە، کەرکووک، بەسرە، بەغدا و واست"ـن.
پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان نزمترین پلەی گەرما لەسەر ئاستی عێراق تۆمار دەکەن کە بەمشێوەیە "دهۆک 47 پلە؛ هەولێر 48 پلە؛ سلێمانی 45 پلە"؛ پارێزگاکانی نەینەوا و بابلیش 48 و 49 پلەی سیلیزی بەدوای یەک تۆمار دەکەن.
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی عێراق، رۆژی یەکشەممە 13-8-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "شەپۆلێکی گەرما لە رۆژی هەینییەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە بەردەوام دەبێت. پلەی گەرما لە بەرزبوونەوەدایە و لەنێوان 50 بۆ 52 پلە دەبێت."
عامر جابری هۆکاری بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای گەڕاندەوە بۆ "نزمەپاڵەپەستۆیەکی وەرزیی گەرم" و، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، کە پلەی گەرما لە مانگی ئابدا بە بەرزی دەمێنێتەوە.
سەبارەت بە پلەی گەرمای سبەی دووشەممە 14-8-2023، دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی عێراق پێشبینی دەکات بەمشێوەیە بێت:
- ئەو پارێزگایانەی 51 پلەی سیلیزی تۆماردەکەن بریتین لە: سەڵاحەدین، نەجەف، قادسییە، میسان، زیقار، موسەننا و بەسرە.
-ئەو پارێزگایانەی 50 پلەی سیلیزی تۆماردەکەن بریتین لە: بەغدا، کەرکووک، واست، ئەنبار، دیالە و بەسرە.
-ئەو پارێزگایانەی پلەی گەرما تێیاندا لە 50 پلە کەمترە بریتین لە:
نەینەوا 48 پلە
دهۆک 47 پلە
هەولێر 48 پلە
سلێمانی 45 پلە
بابل 49 پلە