عێراق
د. جەمال کۆچەر، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، وێنە: پەیجی خۆی لە فەیسبووک
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، ئەو دۆخەی عێراقی پێدا تێدەپەڕێت زۆر "مەترسیدارە" و لە 20 ساڵی رابردوودا وێنەی نەبووە، چونکە رۆژ بە رۆژ لایەنی دیکەی ناڕازی دەچنە سەر شەقام و ئەو خەڵکەی سەر شەقامیش "خەڵکێکی نائارام و کۆنترۆڵنەکراون و زۆربەیان چەکیان هەیە." دەشڵێت، حکومەت توانای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی هەیە.
د. جەمال کۆچەر، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ئێستا کەس نییە بتوانێت حکومەتێک بە پشتگیریی ئەوانەی دیکە پێکبهێنێت، چونکە هەندێک لایەنی سیاسی تاسەر لە گەندەڵی و دزیدا نقوومبوون، خەڵکیش بێزار و تووڕەیە و هیوای بە داهاتوو نییە، بۆیە دۆخی ئێستا زۆر مەترسیدارە."
بەشێکی چاودێران پێیانوایە کە عێراق لە دوای ساڵی 2003 و کۆنترۆڵکردنی لە لایەن ئەمریکاوە، دۆخی وا ناسەقامگیر و نەخوازراوی لەمشێوەیەی بەخۆیەوە نەبینیوە.
بە گوتەی د. جەمال کۆچەر، ئێستایش پێکهێنانی حکومەت لە لایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە بە سەرپەرشتیکردنی مالیکی لای سەدرییەکان وەکو "پێداکردنی بەنزینە بە ئاگردا" و بە نەمانی خۆیان لێکیدەدەنەوە، ئەوەیش گرێیەکی زۆر گەورەیە و کەس ناتوانێت ئەو دوو بۆچوونە لە مێشکی ئەو دوولایەنەدا بسڕێتەوە.
موقتەدا سەدر سوورە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و بەشێکی زۆریش لە پەرلەمانتارانی کورد و سوننە و چەند لایەنێکی دیکەیش پاڵپشتیی دەکەن. بەمەیش ئەگەری هەڵبژاردنێکی دیکەی پێشوەختە دێتە ئاراوە. لایەنگرانی سەدریش بۆ ئەو مەبەستە واژۆ کۆدەکەنەوە.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو باسی لەوەش کرد کە سەدر دەیەوێت پەنا بۆ رێگەی دادوەری ببات کە ئەوەیش رێگەیەکی دەستووری نییە، "چونکە لە ماددەی 64ی دەستووری عێراقدا بە دوو رێگە ئاماژە بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان کراوە، یەکەمیان بە داوای سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمارە بە شێوەیەک ئەگەر بێتو سەرۆککۆمار داوا لە پەرلەمان بکات خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، ئەو کات پەرلەمان دەنگی لەسەر دەدات و بە دەنگی 50+1 هەڵدەوەشێتەوە. رێگەی دووەمیش ئەوەیە ئەگەر زیاتر لە 120 پەرلەمانتار بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان واژۆ کۆبکەنەوە، ئەو کات کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی دەکرێت و بە دەنگی زۆرینەی سادە (50+1) هەڵدەوەشێتەوە."
لەبارەی توانای حکومەتی ئێستا بۆ دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ هەڵبژاردن، د. جەمال کۆچەر لەو باوەڕەدایە کە حکومەت لە هەموو روویەکی دارایی و دابینکردنی پێداویستییەکانەوە توانای هەیە و دەتوانێت بودجەی هەڵبژاردن دابین بکات، "چونکە دۆخی ئابووریی عێراق زۆر لە جاران باشترە."
جەمال کۆچەر پێیوایە کە بۆ دابینکردنی بودجە و پێداویستیی هەڵبژاردنێکی دیکەی پێشوەختە دوو رێگە هەیە:
رێگەی یەکەم ئەوەیە کە حکومەت لەڕووی یاساییەوە دەتوانێت داوا لە وەزارەتی دارایی بکات سولفەیەکی کاش بداتە کۆمیسیۆن تاوەکو کاری خۆی بکات. حکومەتی داهاتوویش دەتوانێت ئەم پارەیە بخاتە ناو بودجەی ساڵی 2023.
رێگەی دووەمیش ئەوەیە کە دەرفەت بە پەرلەمان بدرێت بۆ ئەوەی یاسایەکی تایبەت بە دابینکردنی پێویستییەکانی هەڵبژاردنی داهاتوو لە هەموو رووەکانەوە دەربکات، وەک لایەنی یاسایی و ئابووری و کەلوپەل و کات و رێکارەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ