دوو پیاو لە موسڵ دوو خوشک بە بەرد دەکوژن و دواتر تەرمەکانیان دەسووتێنن

14-08-2022
هونەر رەشید
دوو پیاو لە موسڵ دوو خوشک بە بەرد دەکوژن و دواتر تەرمەکانیان دەسووتێنن
دوو پیاو لە موسڵ دوو خوشک بە بەرد دەکوژن و دواتر تەرمەکانیان دەسووتێنن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوو کەس لە موسڵ کە وەکو پارێزەر خۆیان ناساندووە، "ژەهر" دەکەنە نێو خواردن بۆ دوو خوشک و دواتر بە بەرد دەیانکوژن، بەوەشەوە نەوەستاون و لە نزیک بەنداوی موسڵ ئاگریان لە تەرمەکانیان بەرداوە بۆ ئەوەی تاوانەکانیان بشارنەوە.
 
چیرۆکی کوشتنی ئەو دوو خوشکە لەوەوە دەستیپێکرد کاتێک ئەوان لەگەڵ دوو برا پرۆسەی هاوژینییان پێکهێنابوو، بەڵام بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ داعش، هەردوو براکە خرانە زیندانەوە. دواتر دوو کەس کە وەکو پارێزەر خۆیان ناساندووە، چوونەتە لای دوو خوشکەکە و لەبەرامبەر ئەوەی کە گوایە هاوژینەکانیان لە زیندان ئازاد دەکەن، لە ماوەی ساڵێک و شەش مانگدا 240 هەزار دۆلار لەو دوو خوشکە وەردەگرن.
 
دواتر ئەو دوو کەسەی کە وەکو پارێزەر خۆیان ناساندووە، بۆ شاردنەوەی فێڵەکەیان، دوو خوشکەکە "ژەهرخوارد" دەکەن و دواتر بە بەرد دەیانکوژن، ئەوان بەوەشەوە نەوەستاون، بەڵکو بۆ شاردنەوەی تاوانەکانیان، لە نزیک بەنداوی موسڵ تەرمی هەردوو خوشکەکە دەسووتێنن.
 
فەهیما ئەحمەد، دایکی دوو خوشکەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەوان بێتاوان بوون و لەپێناو هاوژینەکانیان چوون، بۆچی ئەو تاوانە؟ ژەهرخواردکرابوون و بە بەرد کوژران، دواتر سووتاندوونی، باشە تاوانی ئەوان چی بوو؟ دڵم بۆ ئەو منداڵانە دێشێ، ماڵەکەم پڕ بووە لە منداڵی بێ دایک."
 
بەگوتەی قسەی کەسوکارەکەی، باوکی ئەو منداڵانە بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ داعش، سزای 20 ساڵ زیندانییان بۆ دەرکراوە، بەڵام وەکو خۆیان دەڵێن، ئەوان هیچ پەیوەندیییەکیان لەگەڵ ئەو رێکخراوەدا نەبووە.
 
حارس عامر، کوڕی یەکێک لە زیندانیکراوەکان دەڵێت، "مافی دایک و باوکمم دەوێت، باوکم هیچ تاوانێکی نەکردووە و سزادراوە، ئەو بێتاوانە و داوای مافی دایکیشم دەکەم. هەموو خەڵك دەزانن کە دایک و باوکم هیچ تاوانێکیان نەبووە، لە دراوسێکانمان بپرسن، نە دایکم نە باوکم هیچ تاوانێکیان نەبووە."
 
یەكێک لە کوژراوەکان کە ناوی عایشە عەوادە و تەمەنی 44 ساڵە، 9 منداڵی هەیە و خوشکەکەیشی کە ناوی یازییە و تەمەنی 38 ساڵە، حەوت منداڵی هەیە. کەسوکارەکانیان دەڵێن، چاوەڕێی بڕیاری دادگە و حکومەتن، ئەگەر نا وەکو خۆیان دەڵێن، لەڕێگەی عەشایەرییەوە کێشەکە چارەسەر دەکەن.
 
شێخ بارق شەمدینی، سەرۆک هۆزی بەعلەوی باس لەوە دەکات، "ئێمە هۆزین [عەشیرەتین] و داوای خۆمانمان هەیە، بەڵام وەکو یاسا من داوا لە حکومەت دەکەم کە بە تووندترین شێوە سزای تاوانبار بدەن و سزا بدرێن، ئەوان رفێندراون و لەسەر رێ براون، تەرمەکانیان سووتاندوون و تاوانیان ئەنجامداوە."
 
پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لەگەڵ چەند کەسێک لە خانەوادەکەی چوونە شوێنی ئەنجامدانی "تاوانەکە" لە نزیک بەنداوی موسڵ، لەوێ کە تاوەکو ئێستا شوێنی سووتاندنی دوو خوشکەکە ماوە، ئێسکەکانیشیان لەنێو شوێنی رووداوەکە ماون.
 
محەممەد عەواد، برای دوو خوشکەکە لە شوێنی رووداوەکەوە گوتی، "ئەمانە ئێسکی دوو خوشکەکەمن، کێ ئەوە قبوڵ دەکات؟ لە رێگەی هاوژینەکانیان [لەڕێگەی رزگاکردنی هاوژینەکانیان] چوون و ئەوان بێتاوانن، ئەوان مرۆڤ نەبوون [تاوانبارەکان]، تاوانبارن بە کوشتن، ژەهرخواردکردن و سووتاندنیشیان. پارەشیان لێ بردوون، کێ ئەوە قبوڵ دەکات؟ خەڵکینە ئەمە ئێسکی دوو خوشکەکەمە."
 
پۆلیسی نەینەوا هەردوو تاوانبارەکەی دەستگیرکردووە و بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی، رەوانەی دادگەی تاوانەکانی بەغدا کراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە