قایمقامى موسڵ: بەردى بناخەى فڕۆکەخانە بەگومانى بوونی پارە تێیدا شکێندراوە
رووداو دیجیتاڵ
دواى دوو رۆژ لەدانانى لەلایەن سەرۆکوەزیرانى عێراق، بەردى بناخەى نۆژەنکردنەوەى فڕۆکەخانەى موسڵ شکێنرا، قایمقامى شارەکە دەڵێت، "بەگومانى بوونى پارە یان شتێکى گرانبەها لەلایەن چەند شوانێکى مێرمنداڵەوە شکێندراوە".
10ى ئابى 2022، مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى عێراق بەردى بناخەى نۆژەن و ئامادەکردنەوەى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى موسڵى دانا، بەڵام دوو رۆژ دواى ئەوە لە 12ى ئاب تێکدرا و بەشی سەرەوەى شکێندرا.
ئەمین فەنەش، قایمقامى موسڵ بە تۆڕى میدیایی رووداوى رایگەیاند: بەردى بناخەى فڕۆکەخانەى نەینەوا لەلایەن چەند شوانێکى مێرمنداڵەوە شکێندراوە و رووداوەکە بەمەبەست و تێکدەرییانە نەبووە، بەڵکو پێیان وابووە کە ئەو قوتووەى خراوەتە نێو بەردى بناخەکەوە پارە یان شتێکى گرانبەهاى تێدایە، کە سەرۆکوەزیران دایناوە و بە چمەنتۆ داپۆشرا.
قایمقامى نەینەوا گوتیشى: "ئێستا لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەین و دواى دەرکەوتنى ئەنجامەکانى بەردى بناخەى فڕۆکەخانەى موسڵ چاکدەکەینەوە".
پڕۆژەى نۆژەن و ئامادەکردنەوەى فڕۆکەخانەى موسڵ لە پڕۆژەیاسای بودجەى 2021 دیاریکرا، کە لەلایەن دوو کۆمپانیاى فەرەنسی و سعودیەوە جێبەجێدەکرێت.