سەرۆکوەزیرانی عێراق بودجە بۆ دروستکردنی پەرستگە و مۆنیۆمێنتێک بۆ کوردانی ئێزدی لە ئەڵمانیا تەرخان دەکات

13-07-2024
بیلال ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندیی لەسەر خەرجکردنی بودجە بۆ دروستکردنی پەرستگەیەک بۆ کوردانی ئێزدی و مۆنیۆمێنتێکی تایبەت بە جینۆسایدی کوردانی ئێزدی لە ئەڵمانیا دەردەبڕێت.
 
خەلەف شنگالی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری کوردانی ئێزدی، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی رەزامەندیی دەربڕی بۆ خەرجکردنی بودجەی پێویست بۆ دروستکردنی پەرستگەیەک بۆ کوردانی ئێزدی و مۆنیۆمێنتێکی تایبەت بە جینۆسایدی کوردانی ئێزدی لە ئەڵمانیا. ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ دیاریکردنی شوێنەکە.
 
رۆژی 18-01-2023 پەرلەمانی ئەڵمانیا بە کۆی دەنگ پڕۆژەیاسای بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکۆژیی کوردانی ئێزدیی پەسند کرد و دواتر ئانالینا بێربۆکی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە رایگەیاند، "ئەمڕۆ وڵاتی ئێمە ماڵی گەورەترین رەوەندی ئێزدییە لە جیهاندا."
 
یاساکەی ئەڵمانیا جگە لە داواکاریی داننان بە بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی، داوا لە حکومەتی ئەڵمانیا دەکات لە لایەنی داراییەوە پشتیوانیی گەڕانەوەی کوردانی ئێزدیی ئاوارە بۆسەر زێدی خۆیان بکات.
 
لە 3ی ئابی 2014 چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر شنگال. لەو هێرشەدا جگە لە گیانلەدەستدانی سەدان کەس، داعش 6417 کوردی ئێزدی رفاند کە تاوەکو ئێستا 2693یان بێسەروشوێنن.
 
هێرشەکەی داعش بووە هۆی ئاوارەبوونی سەتان هەزار کوردی ئێزدی کە روویانکردە هەرێمی کوردستان و زیاتر لەکامپەکانی سنووری پارێزگای دهۆک مانەوە. بەڵام لەو کاتەوە ژمارەیەکی زۆریشیان چوونەتە دەرەوە و ئێستا هەزاران کەسیان لە ئەڵمانیا دەژین.
 
خەلەف شنگالی دەڵێت، وەکو رێزگرتنێک بۆ هەوڵەکانی حکومەتی ئەڵمانیا و گرنگیدان بە کوردانی ئێزدی، سوودانی ئەو بڕیارەی داوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکوەزیرانی عێراق وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی راسپاردووە لەگەڵ حکومەتی ئەڵمانیا لە پەیوەندیدا بێت بۆ هەڵبژاردنی شوێن بۆ ئەو پەرستگە و مۆنیومێنتە و وەزارەتی داراییشی راسپاردووە بۆ دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ دروستکردنیان.
 
راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، لە هەڵبژاردنی شوێن بۆ پەرستگەکە و مۆنیومێنتەکە قسە لەگەڵ کوردانی ئێزدی دانیشتووی ئەڵمانیا دەکرێت و دواتر دەست بە دروستکردنیان دەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق.

سوودانى: مەترسییەکانمان لەسەر عێراق دوورخستنەوە

سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند: حکومەتەکەى توانیویەتى مەترسییەکان لەسەر عێراق دوور بخاتەوە و داواى لە فەرماندە سەربازییەکانى نەینەوا کرد، جگە لە پیشەیی بوون مامەڵە بەهیچ پێوەرێکى دیکە نەکەن لە دابەشکردنى بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکاندا.