ئامادەکردن: هەستیار قادر و هەردی محەممەد
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی کەرکووک دەستگیرکردنى 30 کرێکارى بیانى لە یەکێک لە بازگەکانى ئەو شارە راگەیاند. کرێکارەکان لە ژێر کیسە چیمەنتۆى بارى چەند بارهەڵگرێکدا شاردرابوونەوە بۆ ئەوەى بەشێوەیەکى "نایاسایی" بگوازرێنەوە بۆ بەغدا.
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى پۆلیسی کەرکووک، ئەو 30 کرێکارە بیانییە لە لەلایەن پۆلیسی لەیلانەوە لە یەکێک لە بازگەکان دەستگیرکراون.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە ئەو 30 کرێکارە بیانییە خاوەنی وڵاتینامەی جیاوازن و لە چەند بارهەڵگرێکی تایبەت بە گواستنەوەی کەرەستەی بیناسازییدا شاردرابوونەوە؛ لەو چوارچێوەیەشدا دەست بەسەر سێ بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلێکى تایبەتدا گیراوە کە ئەو کرێکارانەیان پێ دەگوازرایەوە.
موقەدەم عامر نووری، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی کەرکووک لەو بارەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەو 30 کرێکارە بیانییە، یەکێکیان خەڵکى ئەفغانستانە و ئەوانى دیکە خەڵکى بەنگلادیشن. ئەوان لە لێکۆڵینەوەکاندا ئاماژەیان بەوە داوە کە لە کۆمارى ئیسلامیى ئێرانەوە هاتوونەتە نێو سنوورى عێراق و ئەگەر بەو جۆرە بێت رادەستى بەرپرسانى پارێزگاى سلێمانییان دەکەینەوە بۆ ئەوەى ئەگەر هەر کەسێکیان مۆڵەتى مانەوەی نەبێت، رادەستى ئەو وڵاتە بکرێتەوە کە لێوەى هاتووەتە سنوورى عێراقەوە".
موقەدەم عامر نووری لەبارەی ناسنامەی کرێکارانەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "29 بەنگلادیشی و یەک پاکسانین، لەنێو دوو ئۆتۆمبێلی بارهەڵگردا بوون." گوتیشی، 15 کەسیان لەنێو چیمەنتۆی دواوەی بارهەڵگرەکەدا خۆیان حەشاردابوو و 15 کەسی دیکەش لەدواوەی شۆفێرەکان لە دوو بارهەڵگری جیاواز لەنێو سندوقێکدا بوون.
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک رایگەیاند، ئەو کرێکارانە هیچیان رێگەپێدانی عێراقییان نەبووە، لە هەرێمی کوردستانەوە هاتوون بۆیە بەپێی یاساکانی وەزارەتی ناوخۆ نایاسایین و رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە. هاوکات، ئەو کەسانەی هەوڵی گواستنەوەیان داون بەتۆمەتی قاچاخچێتی سزا دەدرێن.
5ى تەمموزى 2023ش پۆلیسی کەرکووک دەستگیرکردنى 24 کرێکارى بیانى راگەیاند کە هەوڵیان دەدا لە رێگەى تەنکەرێکى گواستنەوەى سووتەمەنى بە قاچاخ بچنە ئەو پارێزگایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ