سەرۆککۆماری عێراق سکاڵا لەبارەى رۆژى جێبەجێکردنى یاسایەک تۆماردەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆمارى عێراق سکاڵا لە دادگەى باڵاى فیدراڵى دژى مادەیەکى هەموارى یاساى سزادانى عێراق تۆمار دەکات کە تایبەتە بە کاتى جێبەجێکردنى یاساکە.
دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق 30ى حوزەیرانى دیاریکردووە بۆ یەکەم دانیشتن لەسەر ئەو سکاڵایە کە سەرۆککۆمار دژى سەرۆکى پەرلەمان تۆماری کردووە.
سکاڵاکە دژى مادەى چوارى هەموارى یاساى سزادانى عێراقى ژمارە 10ى ساڵى 2024 تۆمار کراوە. ئەو مادەیە ئاماژە بەوە دەکات، هەموارەکە دواى دەنگدان لەسەرى لە پەرلەمان دەکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەرى گشتى پەیوەەندییەکان لە سەرۆکایەتیى کۆمار ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "سکاڵاکە بۆ راستکردنەوەى رێڕەوى یاسایی کاتى جێبەجێکردنى یاساکانە کە دەبێت دواى پەسندکردنیان لەلایەن سەرۆککۆمار و بڵاوکردنەوەیان لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى، بکەونە بوارى جێبەجێکردنەوە".
هەموارى یاساکە تایبەتە بە ئازاردانى دایک و باوک و هاوارکردن بەسەریاندا، لەگەڵ نەفەقەى ژن و منداڵ لەدواى جیابوونەوە.
هاوڕێ تۆفیق گوتى: "ئەو داڕشتنەیەى لە هەموارى یاساکەدا هاتووە هەندێک کێشەى دروستکردووە، بەوەى کەسانێک ئاگادارى دەرکردنى نابن بەو پێیەى لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاونەکراوەتەوە".
سکاڵاکە پشتى بە مادەى 129ى دەستوور بەستووە کە ئاماژە بەوە دەکات، یاساکان دەبێت لە رۆژنامەى فەرمى بڵاوبکرێنەوە و لە رۆژى بڵاوکردنەوەیان دەکەنەوە بوارى جێبەجێکردنەوە.
بەگوێرەى مادەى 73ى دەستوور، ئەگەر پەرلەمان یاسایەک ئاراستەى سەرۆکایەتى کۆمار بکات بۆ پەسندکردنى، دواى 15 رۆژ لە رادەستکردنى سەرۆککۆماریش واژۆى نەکات، بە پەسندکراو هەژمار دەکرێت.