لە دادگەی فیدراڵی سکاڵایەکی دیکە لە دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمارکرا

 
رووداو دیجیتاڵ  

فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق سکاڵایەکی لە دادگەی فیدراڵی لە دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمارکرد و داوا لە دادگەکە دەکات بڕیارەکانی بە نادروست بزانێت و لە سێ مانگی داهاتوودا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت.
 
دادگەی فیدڕاڵی رۆژی یەکشەممە، 28ـی مانگی تەممووزی داهاتووی یەکەم دانیشتنی دادگە بۆ تاوتوێکردنی سکاڵایەکی سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق دیاریکرد کە لە دژی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی تۆماریکردووە.
 
سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە سکاڵاکەیدا داوای لە دادگەکە کردووە بڕیارەکانی حکومەت و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش کە بە"کاربەڕێکەر" ناوی بردووە هەڵبوەشێنێتەوە، "ئەگەر لەماوەی سێ مانگدا هەڵبژاردن نەکرێت."
 
رووداو زانیویەتی، سکاڵاکەی سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ، پێش نزیکەی مانگێک لەمەوبەر و لەو کاتەی کە تاڕادەیەکی زۆر دەرکەوت هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی دیاریکراوی لە 10ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ ناکرێت، پێشکێشکراوە.
 
ئەیاد کاکەیی، پارێزەر، کە پارێزەری زۆرینەی دۆسییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە دادگەی فیدراڵی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا هیچ پێڕاگەیاندنێکمان لە دادگەی فیدڕاڵی لەبارەی ئەو سکاڵایەوە پێنەگەیشتووە و زانیاریمان لەسەر نییە."
 
رۆژی سێشەممە، 30-05-2023، دادگەی فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەی تەمەنی یاسایی پەرلەمانی کوردستان بە "نادەستووری و نایاسایی" هەژمارکرد و خوولی پێنجەمی هەڵوەشاندەوە، بەهۆیەوە وادەی نوێ بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەم دیاریکرا. 
 
20ـی ئایاری 2024 دەستەى دادوەریی هەڵبژاردن، بە بڕیارێک کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراقی ناچار کرد، پێنج کورسیی پەرلەمانى کوردستان بۆ کۆتاى پێکهاتەکان دابنێت بەوەش ژمارەى کورسى گشتى لە سێ پارێزگاى هەرێمى کوردستان کەمبوونەوە، بۆ خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان 95 کورسیی گشتی و 5 کورسیی پێکهاتەکان هەیە.
 
هەرچەندە بڕیاربوو رۆژی 10ـی ئەم مانگە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکات، بەڵام نەکرا، ئێستا بۆ وادەی نوێ کۆمیسیۆن چاوەڕوانی مەرسوومی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەکات.